مەسرور بارزانی: ئەگەر پارە نەبوو پارەی مووچە لەکوێ بهێنین؟

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پێدانی مووچەی تەواو بە مووچەخۆران ڕایگەیاند، “ئێمە ئەگەر پارەمان هەبێت قەرەبووی مووچە نەدراوەکانیش دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر پارە نەبێت و بەغدادیش نەینرێت لەکوێی بهێنم؟”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندکارانی نۆ زانکۆی هەرێم ڕایگەیاند، “ئەوانەی دەڵێن مووچەی تەواو تەنها بۆ هەڵبژاردنە هێرشی سیاسی دەکەن و من قەت نەموتووە مووچە بڕین، بەڵکو ئەوە بڕیارێکی حوکمی بووە و لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە”.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی، ” ئێمە وتوومانە بودجەی بەردەست چەندە، زۆربەی زۆری بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێنینەوە، ئەگەر حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی نەنارد و بەشەکەی خۆمان بەشی نەکرد، لەکوێ بێنین؟”.

سەبارەت بە ناردنی 200 ملیار دینارەکەی بەغداد، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “دەبوو حکومەتی عێراق زۆر لەوە زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئەو کابینەیە تاوەکو ئێستا 13 مانگ بودجەی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، تەنیا ئەو 2 مانگەی ڕابردوو ئەویش 200 ملیار دینار کە دەکاتە 137 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە”.

سەبارەت بە لێدوانەکانی بەرپرسانی حکومەتی عێراق کە دەڵێن حکومەتی هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە، مەسرور بارزانی وتی ” کە دەڵێت حکومەتی هەرێم نەوتەکەی ڕادەست نەکردووە، خۆ تۆ ناچیت بەرمیلەکە ببەیت و ڕادەستی بکەی، نرخی نەوتەکە چەندە ئەوەی لە ئێمە بڕیووە، جگە لە لێبڕینەکە ئەوەی کە دەمێنێتەوە، کە ئەو دەڵێت 200 ملیار دینار ماوەتەوە کە وانییە، بەڵکو زیاترە، ئەگەر بە حیساب و کتاب لێکی بدەینەوە بەشی هەرێم زۆر لەوە زیاترە، بەڵام حکومەتی عێراق هاتووە کەمیکردووەتەوە و کردوویەتی بە 200 ملیار دینار و دەڵێت ئێستا هەر ئەوەندەت بۆ دەنێرم”.

بابەتی پێشتر

ئەو یاریزانانەی لە چامپیۆنزلیگ زۆرترین گۆڵ و ئەسیستیان کردووە

بابەتی دواتر

تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی سوپای پاسداران ڕوویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share