وەزیری تەندروستی ڕەخنەی لە مامۆستایان هەیە

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان “تكا” لە مامۆستایان دەكات بچن ڤاكسین وەرگرن، ڕەخنەی لەوە هەیە بەشێكی زۆریان ناویان لە سیستمی ئەلیكترۆنیدا تۆماركردووە، بەڵام ناچن بەدەم خۆڤاكسینكردنەوە.

جەختی لە بەردەوامیی کاری ئەو لیژنانە کردەوە کە پێشتر بۆ بەدواداچوون بۆ نرخی وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دروستكرابوون، ڕاشیگەیاند، تائێستا زیاتر لە 450 هەزار دۆلار گەڕێنراوەتەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستاش ڕۆژانە تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان داخڵدەکرێن، تەنانەت ڕۆژانە نەخۆشی چاودێریی چڕ بە ڕێژەیەكی زۆر وەردەگیرێن.

دکتۆر سامان بەرزنجی داوای لە هاوڵاتییان کرد زیاتر بەدەم وەرگرتنی ڤاکسینەوە بچن و ناوتۆمارکردن لە سیستمی کورد ڤاک پشتگوێ نەخەن، سەبارەت بە کارتی زیرەکی ڤاکسینیش ئاشکرایکرد، ئێستا کارەتەکە دابەشدەکرێت و ئەمڕۆ سەنتەرێکی تایبەت بەو پرۆسەیە دەکرێتەوە.

وەزیری تەندروستی وتیشی، “هەرکەسێک ژەمەکانی ڤاکسینی بەتەواوی وەرگرتبێت دەتوانێت کارتی پێشووی بباتەوە بۆ لایەنە فەرمییەکان و کارتە زیرەکەکەی پێدەدرێت”.

بەپێی وتەی دکتۆر سامان بەرزنجی، کارتی پێشوو کە دەدرا بە هەرکەسێک ڤاکسینی وەرگرتبێت، هیچ کۆدێکی لەسەر نییە جگە لە ڕێککەوتی وەرگرتنی ژەمە جیاوازەکانی ڤاکسینەکان، لەگەڵ ئەوەشدا لە هیچ فڕۆکەخانە و وڵاتێک پشتی پێنابەسترێت و پشتڕاستکراوە نییە.

بەڵام کارتی زیرەکی ڤاکسین کۆدێکی لەسەرە، کە بە سیستمێکی جیهانی بەستراوەتەوە و لەسەرجەم فڕۆکەخانەکان و وڵاتان پشتی پێدەبەسترێت، جگە لەوەی کارەتەکە ناتوانرێت ساختەبکرێت، وەک وەزیری تەندروستی ئاماژەی پێدا.

سەبارەت بە ساختەکردنی کارتی ڤاکسین، دکتۆر سامان بەرزنجی وتی، لەماوەی ڕابردوودا باندێک دەستگیرکران، کە کارتی ڤاکسینیان ساختە دەکرد، لەکاتێکدا ئەو کارتە لە هیچ شوێنێک پشتپێبەستراو نییە، داواشی كرد هەرکەسێک زانیاری لەسەر کەس یان گروپێک هەبوو ساختەکاری لەو کارتانەدا دەکەن، “پەیوەندیمان پێوەبکەن”.

هەروەها وەزیری تەندروستی “تکا”ی لە مامۆستایان کرد کە ژمارەیەکی زۆریان ناویان بۆ خۆڤاكسینكردن تۆمارکردووە و نۆرەیان هاتووە، بەڵام ناڕۆن بەدەم وەرگرتنی ڤاکسینەوە، بچن ڤاكسین لە خۆیان بدەن، چونكە دووپاتیكردەوە، وەزارەت مەبەستێتی 100%ی مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن.

وەزیری تەندروستی سەبارەت بە کاری لیژنەکانی بەدواداچوون لە نرخی وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان ئاشکرایکرد، کاری ئەو لیژنانە بەردەوامە و بەشێک لە نەخۆشخانەکان پێداچوونەوە بۆ پسوڵەکانی وەرگرتنی نەخۆش تێیاندا کراوە.

ڕاشیگەیاند، ئەوانەی تائێستا پێداچوونەوەیان بۆکراوە لەلایەن لیژنەکانەوە بڕی 450 هەزار دۆلار وەرگیراوەتەوە، ناو و ناونیشانی ئەو کەسانەش لەبەردەستدایە بۆیە هەرکەسێک پارەی زیاتری لێوەرگیرابێت لەلایەن وەزارەتەوە بۆی دەگەڕێنرێتەوە.

بابەتی پێشتر

یوێفا سزای یانەكانی سوپەر لیگ نادات

بابەتی دواتر

سعودیە خوێندكارانی زانكۆ ناچاردەكات زمانی چینی فێرببن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share