سندوقی نەختی عەرەبی پێشبینی دەكات هەڵئاوسانی ئابوریی عێراق زیادبكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە سندوقی نەختی عەرەبی پێشبینییەكانی خۆی لەبارەی دۆخی ئابوریی عێراقەوە خستەڕوو و ڕایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا هەڵئاوسانی ساڵانە لە عێراق هەڵدەكشێت.
ئەو دامەزراوە ئابورییە ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، “پێشبینی دەكرێت بەهۆی كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆناوە، عێراق ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و شمەكی هاوردەكراو ببێتەوە، بەتایبەت كە ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە جیهانی دەرەوە دەبەستێت لە دابینكردنی شمەك و خزمەتگوزارییەكاندا”.
ڕاپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، ئەو گۆڕانكارییانەی لە نرخەكاندا ڕوودەدەن، ڕەنگە ئابوریی عێراق لە دۆخی هەڵچوون و داچووندا بهێڵنەوە بەشێوەی ئەرێنی یاخود نەرێنی، جگە لەوەش گۆڕانكارییەكانی بەهای دراوی خۆماڵی كاردەكەنەسەر نرخی شمەك و خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت لەسایەی پاشەكشەكردنی توانای كڕینی دیناری عێراقیدا”.
بەپێی پێشبینییەكانی سندوقی نەختی عەرەبی، “چاوەڕواندەكرێت تێكڕای هەڵئاوسانی ساڵانەی عێراق لەمساڵدا بگات بە لەسەدا 2.8 و ساڵی داهاتووش بۆ لەسەدا 3.1 بەرزببێتەوە.