ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت، سوپای عێراق هاوشێوەی پارێزگاریكردن لە ئاسایشی وڵات لە ڕۆژی دەنگداندا سندوقەكانی دەنگ دەپارێزن و دەتوانن ڕێگریبكەن لە ڕوودانی پێشێلکاریی و ساختەکاری.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویكردووەتەوە نوسیویەتی، “سوپای عێراق توانی شکۆی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و هێزی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئاسایشی وڵات بسەپێنێت، لە ئێستاشدا هێزێکن دوور لە حزبایەتی و مەزهەبی و بونەتە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان.”
سەدر لە تویتەكەیدا باسی ئەو لەمپەرانە دەكات كە لە هەڵبژاردن دێتە پێش سوپای عێراق و دەڵێت، پاراستنی سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا ئەركێكی سەخت دەبێت، “بەڵام دڵنیام دەتوانن ڕێگریبكەن لە ڕوودانی پێشێلکاريی و ساختەکاری لە ڕۆژی هەڵبژاردندا.”
بڕیارە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و 110 حزب و 22 هاوپەیمانی، ڕکابەری بەدەستهێنانی 329 كورسیی پەرلەمانی دەکەن، 24 ملیۆن و 927 ههزار و 29 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.