هەڕەشەی شەڕی چەكداری دەكات.. “مقاوەمە ” كازمی بە ساختەكردنی هەڵبژاردن تۆمەتباردەكات

چەندین گرووپی چەكداری شیعەی عێراقی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بە ساختەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تۆمەتباردەكەن و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە هێزە بیانییەكان دەكەن.

ئەو گروپانە كە سەر بە حەشدی شەعبین و لەژێر ناوی “ڕێكخەرایەتیی مقاوەمەی عێراقی”دا كۆبوونەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “یاریكردنی دەستە بیانییەكان بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ڕێگەكانی ساختەكردنە ئابڕووبەرانەكەی بەسەرپەرشتییەكی حكومییانە، بوونەهۆی شكستهێنانی كاری كۆمسیۆن و پەككەوتنی لە وەستانەوە بەڕووی ویستە دەرەكییەكاندا، ئەوەش ڕەنگە وڵات بگەیەنێت بە كەناری هەڵدێر”.

گروپە چەكدارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پێشبینییاندەكرد كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان “ئەو ڕێڕەوە هەڵەیە ڕاستبكاتەوە بۆ ڕێگریكردن لە كەوتنەنێو قەیرانەوە” و ڕایانگەیاندووە، “مقاوەمەی عێراقی دیوارێكی ڕاگردەبێت بەڕووی هەموو ئەو پڕۆژە چەپەڵانەی كە ڕۆڵە نەبەردەكانمان بەئامانج دەگرن و جەختدەكەینەوە كە مافی عێراقییەكانە خۆپیشاندان بكەن لەدژی هەموو ئەوانەی ستەمیانلێكردوون”.

ئەو گروپە چكدارانە لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیاندا هەڕەشە دەكەن و دەڵێن، “هۆشدارییەكی توند دەدەین بەوەی هەر هەوڵێكی دەستدرێژیكردن یاخود سووكایەتیكردن بە شكۆی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە بەرگریكردن لە مافەكانیان و پاراستنی حەشدە پیرۆزەكەیان، هەروەها هەوڵەكانیان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە وڵاتەكەیان، لەلایەن پیاوانێكەوە بەرپەرچ دەدرێنەوە كە دڵیان وەك تاشەئاسنە و شەڕە سەختەكان تاقییانكردوونەتەوە، پەشیمانیش دادی كەس نادات”.

ئەم هەڕەشەیەی گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی دوای ئەوە دێت كە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 10ی ئەم مانگەدا زۆربەی ئەو گروپانە دووچاری شكستهاتن و دەنگەكانیان بەشێوەیەكی شۆكهێنەر كەمیانكرد.

جگە لە موقتەدا سەدر كە 73 كورسی بەدەستهێناوە، كەسایەتی و لایەنەكانی تری ناو حەشدی شەعبی كەمترین كورسیی پەرلەمانیان مسۆگەركرد، بەجۆرێك هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری كە چەندین گروپی دیاری حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، 17 كورسی بەدەستهێناوە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا 48 كورسی لە پەرلەمان هەبوو.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، چەندین گروپی تری سەر بە حەشدی شەعبی هیچ كورسییەكی پەرلەمانیان بەدەستنەهێناوە.

بابەتی پێشتر

ڕاپۆرتی ڕێكخستنەوەی ڕسومات و داهاتەكان ئامادەیە و نزیكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن

بابەتی دواتر

سبەینێ شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share