وەزارەتی كارەبا ڕەتیدەكاتەوە گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا درابێت بە كەرتی تایبەت، دەڵێت ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ دوو كۆمپانیا كراوە تەنها بۆ ئەوەیە كۆنترۆڵەكانی كارەبا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بە ئای تی.
ئەمرۆ وەزارەتی كارەبا هەواڵی واژووكردنی گرێبەستی لەگەڵ دوو كۆمپانیا بڵاوكردەوە، كە پڕۆژەیەك ئەنجامدەدەن بەناوی “سکادا”، كە “بۆ بەڕێوەبردن و کارپێکردنی سیستمی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا بەکاردێت”.
هەواڵەكەی وەزارەتی كارەبا وا لێكدرایەوە كە جگە لە كارپێكردنی سیستم و وێستگەكانی كۆنترۆڵ، پرۆسەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەباش درابێت بە كەرتی تایبەت، بەڵام باوان قەزاز لە وەزارەتی كارەباوە ڕوونكردنەوەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دا و ڕایگەیاند، پڕۆژەكە پەیوەندیی بەوەوە نییە گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا درابێتە كەرتی تایبەت.
قەزاز ڕوونیكردەوە، پڕۆژەی “سکادا” تەنها پەیوەندیی بەوەوە هەیە كارپێكردنی وێستگەكانی كۆنترۆڵی كارەبا لە شارەكان بكاتە ئای تی.
دووپاتیكردەوە، دابەشكردنی كارەبا نەدراوە بە كەرتی تایبەت، لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەیەك لەوبارەیەوە هەیە و لە ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام تا ئێستا پرۆسەی دابەشكردنەكە نەدراوە بە كەرتی تایبەت.