وەزارەتی كارەبای عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەهەوڵی واژووكردنی گرێبەستدایە لەگەڵ هەریەك لە سعودیە و ئیمارات دەربارەی وزەی خۆر.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند، وەزارەتەكەیان هەنگاودەنێت بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی وزە، پێشتر گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (پاوەر شاین) بۆ وزەی خۆر بەڕێژەی 2000 میگاوات كردووە و گرێبەستی دیكەش لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی كراوە، هەروەها لەهەوڵی گرێبەستدایە لەگەڵ سعودیە و كۆمپانیایەكی ئیماراتیدا.
موسا ئەوەشی وت، “مكوڕبوون هەیە لەسەر گەیشتنە بەرهەمهێنانی 7500 مێگاوات لە وزەی خۆر، كە بەهۆیەوە ناچاردەبن بە گۆڕینی ناوی وەزارەت بۆ وەزارەتی كارەبا و وزەی نوێ”.
لە 25ی ئابی ڕابردوودا ڕێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیای (Power China)ی چینی واژووكرا بۆ دامەزراندنی وێستگەیەكی وزەی خۆر بە توانای 2000 میگاوات.
هەروەك لە 5ی ئەم مانگەدا گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵ-ی فەڕەنسی تایبەت بە غاز و كێڵگە نەوتییەكان واژووكرا، پڕۆژەكە دامەزراندنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا بە پشتبەستن بە وزەی خۆر لەخۆدەگرێت، بۆ بەرهەمهێنانی ئەو وزەیە بە تێچوویەكی كەمتر بەڕێژەی 45% و توانای بەرهەمهێنانی 1000 میگاوات كارەبا.