نزیكەی 400 حزب بەشداری هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق دەكەن

خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو لە عێراق

تائێستا زیاتر لە 300 پارت و لایەنی سیاسی ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ساڵی داهاتووی عێراق لە كۆمسیۆن تۆماركردووە و چاوەڕوانیش دەكرێت ئەو ژمارەیە بۆ نزیكەی 400 پارت یان زیاتر بەرزببێتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی كانونی یەكەم بڵاویانكردەوە ژمارەی ئەو پارت و پێكهاتە سیاسیانەی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە تا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو خۆیان لە كۆمسیۆن تۆماركردووە گەیشتووەتە 309 و چاوەڕوانیش دەكرێت لەماوەی داهاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە و بگاتە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 تۆماركراون.

لە هەڵبژاردنی پێشوو 204 پارت و پێكهاتەی سیاسی بەشدارییان كرد.

یاسای هەڵبژاردن كە پشت بە فرە بازنەیی دەبەستێت كاریگەری لەسەر ژمارەی پارتە تۆماركراوەكان جێهێشتووە

لای خۆیەوە سایتی عەرەبی جدید لەسەر زاری عەبدولكەریم عەبتان، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەكرد كە پێشبینی دەكات ژمارەكە زۆر زیاتر بەرزببێتەوە و بگاتە 500 پارت، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی دەرگای خۆ تۆماركردن بۆ پارتە سیاسیەكان و كێبڕكێكانیش هێشتا كراوەن.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە یاسای هەڵبژاردن كە پشت بە فرە بازنەیی دەبەستێت كاریگەری لەسەر ژمارەی پارتە تۆماركراوەكان جێهێشتووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بۆ تۆماركردنی هەر پێكهاتەیەكی سیاسی لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڕی (50 ملیۆن دیناری عێراقی) وەردەگیرێت.

ئیحسان شمەری، سەرۆكی سەنتەری بیری سیاسی لە بەغداد تۆماركردنی ئەو ژمارەیە لە پارتە سیاسیەكان بە “زۆر چاوەڕوانكراو” ناودەبات و دەڵێت، دەگەڕێتەوە بۆ ویستی بەشێك لە گروپەكان بۆ سەلماندنی بونیان لە دیمەنی سیاسی و خواستی هێزی دیكە تا ببێتە جێگرەوەی پارتە كلاسیكییەكان، جگە لەوەی هەندێك لە پارتە تۆماركراوەكان تایبەتن بە قۆناغەكە و لەپاش هەڵبژاردنەكان نامێنن.

حكومەتی عێراق كاردەكات لەسەر ئەوەی لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت و بەپێی ئەو هەموارەی لە یاسای هەڵبژاردنیشدا ئەنجامدراوە پڕۆسەكە بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی لەسەر ڕوداوی مزگەوتەكە ڕونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

هەڕەشەیەكی گەورە لە ئەمریكا دەكات.. خامنەئی: بەمشێوەیە وەڵامی كوشتنی سلێمانی دەدەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share