چۆن لە ماڵەوە خۆت فێری زمانێک بکەیت؟

ئەم بابەتە ڕێنیشاندەرێکی پراکتیکییە بۆ دروستکردنی ژینگەیەک تاوەکو فێری زمانێکی بیانی ببیت.

هەر زمانێک کە فێری دەبیت دەتەوێت تیایدا باشتر بیت. بەڵام کڕینی بلیتێکی فرۆکە و چوونە ئەوسەری دونیا بۆ وڵاتێک تا فێری زمانێکی نوێ بیت، بە هەموو کەسێک ناکرێت.

هەموومان حەز دەکەین بۆ چەند مانگێک بچینە (بۆ نموونە) کۆستاریکا. زۆر ڕێگریی دیکەی ژیان هەن کە دێنە بەردەمت، وەکو کارکردن و کۆلێژ، ڕێگەت لێدەگرن لە تێگەیشتن و چوونە ناو کەلتوورێکی دیکە بە گەشتکردن بۆ وڵاتەکان.

کەواتە چی بکەین؟ دڵنیام کە بە نیازی بەرنامەی دوالینگۆ دابەزێنیت و دوای ماوەیەک بەتەواوی واز لە فێربوونی زمانەکە بهێنیت چونکە قورسە شتێکی گرنگت بیر بێتەوە.

بۆ ماوەیەکی زۆر گەورەترین تەماحم ئەوە بوو لە زمانێکی دیکەدا پاراو بم. هەرچەندە فێربوونی زمانی ئیسپانی لە خوێندنگە ترسناک بوو، بەڵام حەزم لەو بیرۆکەیە بوو کە بچمە دەرەوەی وڵات و لە سەرەتای قسەکردندا بە هیچ کەسێک نەڵێم ئاخۆ بە ئینگلیزی قسە دەکەن.

لەبەرئەوە دەستمکرد بە فێربوونی پێکهاتەی ڕستە و وشە دووبارەبووەکان و سەیری ژمارەیەک بەرنامەی لاتینیی نێتفلیکسم کرد بۆ “مەبەستە پەروەردەییەکەی”. ئەوە ئەو بیانووە بوو کە بە دایک و باوکمم دەوت بۆ سەیرکردنی زنجیرەی نارکۆس لە کاتژمێر ٢ـی شەودا.

دەبێت دان بەوەدا بنێم کە گەیشتن بەو پاراوییە لە قسەکردندا ماوەیەکی زۆری پێچوو. بەڵام بەهۆی فێربوونی زمانێکی نوێ بەئارامی لە ماڵەکەی خۆمدا، ژیانم گۆڕا.

ئەمانەی خوارەوە چەند ڕێگەیەکن کە یارمەتی منیان دا لە خوڵقاندنی ژینگەیەک بۆ فێربوونی زمانێکی بیانی لە ماڵەوە. هەموو ئەمانە یارمەتیاندام تاوەکو چێژ لە فێربوونی زمان ببینم و بڕوابەخۆبوونمی زیاد کرد، لە کاتی قسەکردن بە زمانی بیانی لە دەرەوە. هیوادارم بۆ تۆش بە هەمان شێوە بێت.

سەرنج بخەرە سەر ئەو وشانەی زۆر دووبارە دەبنەوە

لە کاتی فێربوونی زمانێکی نوێدا، زۆرکات پێمان وتراوە لە ڕێگاکانی سڵاوکردنەوە دەستپێبکەین، ئەمە ڕەنگە باش بێت بۆ خۆناساندن، بەڵام ئەمە ڕێگەیەکی باو نییە تا تێبگەیت کەسی بەرانبەر چی دەڵێت.

چارەسەرێکی باشترم دۆزییەوە، ئەویش بە نووسینی ئەو وشانەی کە لە گفتوگۆکاندا زۆر دووبارە دەبنەوە و بەکاردێن.

ڕێسای پارێتۆ (کە بە یاسای ٢٠/٨٠ ناسراوە) دەڵێت کە لە ٢٠%ـی چالاکییەکانت هۆکاری لە ٨٠%ـی ئەنجامەکانن. ئەم یاسایە لەسەر زمانیش جیبەجێ دەکرێت. زمانی ئیسپانی نزیکەی ١٥٠ هەزار وشەیە، ڕۆژانە تەنیا ٧٥٠ وشەی لە لایەن کەسە ڕەسەکانییەوە بەکاردێن.

کەواتە لەبری لەبەرکردنی هەموو وشەکان، تەنیا پێویستە ئەو وشانەت بیربێت کە زۆر بەکاردێن تا لە قسەکردندا پاراو بیت.

زمانی سەر ئامێرە زیرەکەکانت بگۆڕە

لەکاتێکدا ئێمە چەندین کاتژمێر مۆبایلەکانمان بەکاردەهێنین، ئەوە هەنگاوێکی زۆر باشە تا خۆت لەگەڵ زمانێکی دیکەدا ڕابهێنیت لەسەر ئامێرەکەت. ئەوە تەکنیکێک بوو کە من زۆر سوودم لێ بینی بۆ ئەوەی زمانی ئیسپانی بەردەوام لەپێش چاومدا بێت و ئاسانتر وشەکانم بیربێتەوە.

گوێ لە گۆرانییەکانی ئەو زمانە بگرە کە دەتەوێت فێری ببیت

لەکاتی دانیشتن لە ماڵەوە یان هەر کاتێکی دیکەت، گوێگرتن لە گۆرانی شتێکە کە هیچ قورسییەکی تێدا نییە. گوێگرتن لە پێکهاتەی ڕستەی هۆنراوەکان و چۆنیەتیی خوێندنەوەی وشەکان بە شێوەیەکی چێژبەخش یارمەتیت دەدات لە بەهێزکردنی ئەو شتانەی کە دەیزانیت.

ڕێگەیەکی دیکە نووسینەوەی ئەو هۆنراوانەیە کە حەزت لێیانە و وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی [یان لەو زمانەی کەدەتەوێت فێری ببیت بۆ کوردی]، تا ڕوونتر تێبگەیت هونەرمەندەکە چی دەڵێت.

لەبری بەفیڕۆدانی کاتەکانت بە سەیرکردنی درامای کەمبایەخ و گەڕان بە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا بەهۆی بێزارییەوە، ئەو کاتە وەکو هەلێک بقۆزەرەوە بۆ فێربوونی ئەو زمانەی حەزت لێیە.

بیرت بێت: بەرەوپێشچوونی بەردەوام (ئەگەرچی کەمیش بێت) تاکە شتە گرنگ بێت کە دێتە سەر فێربوونی زمانێکی نوێ. چونکە ئەگەر ئەوەندەی لە تواناتدا بوو کارت بۆ شتێک کرد کە سوودت پێ بگەیەنێت، دڵنیات دەکەمەوە لە کۆتاییدا دەگەیت بەو پاراوییەی کە دەتەوێت.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندانەکان دەریدەخەن ئێران کێشەی لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە

بابەتی دواتر

عێراقییەکان هێشتا لەسەر شەقامن

بابەتی پەیوەندیدار