لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتەکانی جیهان گەشبینبوون بە گەیشتن بە بەرگریی تەواوەتی دژی کۆرۆنا، بەهۆی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا و دروستبوونی بەرگری دژی ڤایرۆسەکە لای ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان، بەڵام ئێستا ئەوەی پێیدەگوترا “بەرگریی هەمیشەیی”، ئەگەری هەیە ببێتە خەون.
ئەنجامی توێژینەوەکان دەریدەخەن بەرگری دژی کۆرۆنا دەکرێت تەنها لەناو ئەو کەسانەدا قەتیس ببێت کە ڤاکسین وەردەگرن و ڕێژەی ئەوانەش دەکرێت 60% یان 70% بێت، لەهەمانکاتدا بەرگرییەکەیان دژی جۆرەکانی پێشووی کۆرۆنا کاریگەر دەبێت، بەڵام ئەو جۆرە نوێیانەی هەن وەک دەلتا و گۆڕاوە چاوەڕوانکراوەکانی دیکە، کە توانای گواستنەوەیان زۆر زیاترە، ئەگەری دروستبوونی بەرگریی تەواوەتی زۆر کەمدەکاتەوە، “تەنانەت دەیکاتە مەحاڵ”.
گۆڕاوی دەلتا تائێستا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا، لەکاتێکدا ئەو دوو وڵاتە ڕێژەی ڤاکسینکردن تیایاندا لەئاستێكی زۆر بەرزدایە، بەڵام دەلتا ئەگەری گەیشتن بە بەرگریی تەواوەتی لەو وڵاتانە کەمکردووەتەوە، هەروەها ئەگەری دووبارە بە چڕی گەڕانەوەی ڤایرۆسەکەی زیادکردووە.
ناوەندی ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، بەرگریی تەواوەتی دژی دەلتا دەکرێت لەدوای ڤاکسینکردنی هاوڵاتییان بەڕێژەی 80% بۆ 90% دروستببێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری خەڵک ڕەتیدەکەنەوە ڤاکسین وەربگرن بەهۆی دوودڵییەکان لەبارەی لێكەوتەكانی ڤاکسینەوە، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت جیهان بگاتە ئاستی پێویستی کوتان و دروستبوونی بەرگریی تەواوەتی.
گرەیگ بۆلاند بەڕێوەبەری کۆمەڵەی توێژینەوە لە ڤاکسینەکان دەڵێت، “گەیشتن بە بەرگریی تەواوەتی زۆر دوورە”.
باسی لەوەشکردووە تەنانەت ئاستی ڤاکسینکردن بگاتە 95% هێشتا ناتوانێت دڵنیایی لە بەرگریی گشتی بدرێت، چونکە دەلتا و ئەو گۆڕاوە نوێیانەی دەکرێت سەرهەڵبدەن، خێرایی بڵاوبوونەوەیان زۆر زیاترە لە هەرکاتێکی پێشوو و تێپەڕاندنی توانای ڤاکسینەکانیش ئەگەرێکی بەهێزە.