قائیمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ هاوسەنگکردنی بڕ و نرخی بەروبوومی ئاژەڵی لە ناوخۆدا چەند بڕیارێک دراون، لەوانە هاوردەكردنی هێلکە بەقەدەغەکراوی دەمێنێتەوە و ماسی و ئاژەڵی زیندوو هاوردە دەکرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێك دوای کۆبوونەوەی قائیمقامییەتی سلێمانی سەبارەت بە هاوسەنگکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان، بڕیاردراوە “ڕێگرتن لە هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بەردەوام بێت و گرنگیی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت لەڕووی بڕ و نرخ و لایەنی تەندروستی و ڤێتێرنەرییەوە”.
لەبارەی بەرهەمی مریشکی سەربڕخانە ناوخۆییەکان، جەختكراوەتەوە کە “مەرجە بارکۆد و ستیکەری پێوە بێت و بەرهەمەکان تەنها بەشێوەی فرێش بن”.
ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە كە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە ڕێگەبدرێت بە هاوردەکردنی سنوورداری ماسی بۆ هاوسەنگی لەگەڵ بازاڕ و بەرهەمی ناوخۆیی بە بڕی 600 تۆن بۆ مانگی ئاب و هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندووش بە پێنج هەزار سەر دیاریکراوە.