یوڤاڵ نوح هەراری لە داڤۆس: ئەقڵی مرۆڤ لە مەترسیی هاککردندایە

یوڤاڵ نوح هەراری فۆتۆ: Leroy Brothers

یوڤاڵ نوح هەراری، نووسەری ئیسرائیلی و خاوەنی کتێبی “ساپیێنز: چەردەیەک لە مێژووی مرۆڤایەتی”، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، هۆشداری دایە مەترسییەکانی تەکنەلۆجیی داهاتوو کە هەڕەشە لە داگیرکردنی ئەقڵی مرۆڤ دەکەن، بەوپێیەی لەوە مەترسیدارترە دەست بەسەر وڵاتەکەیدا بگرن.

هەراری لە پانێڵێکدا لەگەڵ ڕێن ژێنگێی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هواوی بۆ تەکنەلۆجیا، لە کۆڕبەندی داڤۆسی ٢٠٢٠ لەسەر مەترسییەکانی تەکنەلۆجیای داهاتوو دوا و تێڕوانینی بێئومێدانەی خۆی لەسەر داهاتوویەک دەربڕی، کە تێیدا هەمووان لەدەستدەچن.

نووسەرەکەی کتێبی ساپیێنز، ئاماژەی بە دووپاتبوونەوەی مێژوودا، کاتێک لە شۆڕشی پیشەسازیدا، “سەرکردەکانی پیشەسازی لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە دەستیان بەسەر هەموو جیهاندا گرت، لەبەرانبەردا دەکرێت لەگەڵ شۆڕشی هۆشی دەستکرد و بایۆتەکنەلۆجیدا، هەمان شت ڕووبداتەوە”.

وتیشی، “سوپاکانی ئێستا وەک سوپایەکی ئیمپڕیاڵی دەبینم، کە بەم نزیکانە کۆلۆنییەکی داتایی دروستدەکەن. پێویست ناکات سەرباز بنێردرێتە وڵاتێک، ئەگەر هەموو داتای وڵاتەکەت لەبەردەستدا بێت”.

یوڤاڵ هەراری، پرۆفیسۆری زانکۆی هێبرو لە ئۆرشەلیم/قودس، هۆشداری دایە خەڵکی، کە “تەکنەلۆجیا بەم نزیکانە یارمەتی دامەزراوە و حکوومەتەکان دەدات مرۆڤەکانیش هاک بکەن، ئەمەش داهاتووی مرۆڤایەتی و خودی ژیانیش شێوەگیردەکاتەوە. قسەیەکی زۆر هەیە لەسەر هاککردنی کۆمپیتەر و مۆبایل و ئیمەیڵ و هەژمارە بانکییەکان، بەڵام پرسە زۆر گرنگەکە هاککردنی مرۆڤەکانە”. بەڵام، بە وتەی خۆی، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەشە داتای بایەلۆجی و کەسایەتی و توانای کۆمپیتەرسازی پێویست دەبێت.

هەراری لە درێژەی باسکردنی ئەم جۆرە هاکەدا ڕوونی کردەوە، “ئەگەر داتای تەواوت لەسەر من هەبێت، هەروەها توانای کۆمپیوتەرسازی بەهێز و زانیاریی زۆری بایەلۆجیت لەبەردەستدا بێت، ئەوا دەتوانیت جەستەم و مێشکم و بگرە خۆشم هاک بکەیت”، “دەتوانیت بگەیتە ئاستێک لە خۆم باشتر من بناسیت”.

لەسەر پرسی داهاتووی دیموکراسی و سیستمە سیاسییەکانی جیهان، هەراری وتی، “کاتێک [دەگەینە ئەوەی ئەم داگیرکارییە، کە لەڕێی شۆڕشەکانی سەدەی بیستویەکەوە یەنە دی] نازانین داهاتووی سیستمە سیاسی و دیموکراسی و ڕژێمەکان چۆن دەبێت”، “چی دەبێت ئەو کەسەی هاک دەکرێت، سەرۆکی وڵاتێک یان سەرۆکی دادگایەکی باڵا بێت؟”

ڕێن ژێنگێی، ئەم ئەگەرەی نەشاردەوە، کە تێڕوانینێکی بێئومێدکەرانەی بۆ هەراری دروستکردووە. بەڵام وتیشی، “سنوورێک بۆ دزەکردنی تەکنەلۆجیا هەیە، پێشم وانییە ڕۆحی کەسێک هاکبکرێت”.
ژێنگێی تێڕوانینێکی ئەرێنیتری بۆ داهاتوو خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، “تەکنەلۆجیا مرۆڤەکانی زیرەکتر کردووە و ڕێگەی بۆ مرۆڤایەتی خۆشکردووە بەرەوپێش بڕوات”.

ڕوونیشی کردەوە، “دەکرێت تەکنەلۆجیا بە هەردوو دیوەکە بەکاربێت. بێگومان حکوومەتێک دەتوانێت کەرەستە و ئامێری چاودێریکردن لەدژی هاوڵاتییەکانی بەکاربهێنێت، بەڵام لەهەمان کاتدا، کەسی ئاساییش دەتوانێت پەرە بە ئامێری چاودێریکردن بدات”.

٢١ی کانوونی دووەم، هەموو ساڵێک، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، لە هەوارگە و شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا، ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا هەزاران بەشداربوو لە جیهانەوە، کە پێکهاتوون لە سەرۆکی وڵاتانی جیهان و بزنسمان و پسپۆڕانی ئابووری و بگرە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانیش، بەشداری ئەم کۆڕبەندە دەکەن.

ئەمساڵ پەنجایەمین ساڵی کۆڕبەندەکەیە و گرنگترین پرسەکانی، پرسی نایەکسانیی ئابووری و پاراستنی ژینگە و بەدەمەوەچوونی گۆڕانی کەشوهەوایە.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. گەنجێکی ڕووسی مێشکی دایکی دەخاتە فریزەرەوە بەو هیوایەی زانست لە داهاتوودا بیگەڕێنێتەوە بۆ ژیان

بابەتی دواتر

فەلسەفەکەم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share