پێش داهێنانی کامێرای فۆتۆگرافی، چاپکردنی وێنەیەک لەسەر کاغەز یان هەر ڕووبەرێكی دیکە کارێکی هێندە ئاسان نەبووە. هونەرمەند و داهێنەری ئیتالی، لیۆناردۆ داڤینشی میکانیزمێکی خستەڕوو کە وێنەکێشانی سانا کردەوە و داتریش میکانیزمەکە بە “ژووری تاریک – Camera Obscura” ناونرا.
لەبری ئەوەی درێژی و گۆشەی شتێک بپێورێت و دواتر بکێشرێتەوە، ژووری تاریک ڕێگەیەکی قەدبڕی فەراهەم کرد بۆ کێشانەی تابلۆکان. داهێنانەکە ڕێگەی بۆ وێنەکێشان خۆشکرد هێڵ و شێوەکان بەئاسانی بخەنە سەر کاغەزەکانیان.
ژووری تاریک چییە؟
ژووری تاریک ئامێرێکە لە شێوەی قتوو کە بۆ وێنەکێشان یاخود سەرگەرمی بەکاردەهێنرێت. لە قتووەکەدا کونێک هەیە؛ ڕێگە بە چوونەناوەوەی ڕووناکی دەدات و وێنەکەی دەرەوە بە پێچەوانەیی لە ناو قتووەکە پەخش دەکاتەوە.
ژووری تاریک چۆن کار دەکات؟
زۆرینەی تاقیکردنەوەکانی ئامێرەکە لە ژووری تاریکدا ئەنجام دراوە. چواردەوری وێنە پەخشکراوەکە دەبێت تاریک بێت، تاوەکو وێنەکە ڕوون بێت. چاوی مرۆڤیش وەک “ژووری تاریک” کار دەکات؛ بیلبیلە ڕێگە بە ڕووناکی دەدات بچێتە ناو چاوەوە، هاوێنەی چاو وێنەکە وەردەگرێت و لەسەر تۆڕە شێوەدەگرێت.
ئامێرە سەرەتاییەکان گەورە بوون و لە ژووردا دروست دەکران، دواتر ئامێری دەستی لە قتوویەکی تەختە دروست کرا و لەبری کونێکی سادە، هاوێنەی پێوەدەکرا و وێنەکەی چڕتر دەکردەوە.
مێژووی ژووری تاریک
کۆنترین نووسین لەبارەی تیۆری ژووری تاریک لەنێو تێکستەکانی فەیلەسووفی چینی و دامەزرێنەری ڕەوتی مۆهیزم، مۆزی (470 بۆ 390 پێش زایین) دۆزراوەتەوە. لە سەدەی چواری پێش زایینیش، ئەریستۆی فەیلەسووفی یۆنانی هەندێک نووسینی کورت و ڕوونکردنەوەی لەبارەیەوە هەبووە. تەلارسازێکی یۆنانی بەناوی ئانتیمیۆس لە سەدەی شەشی زاییندا، جۆرێکی جیاواز لە ژووری تاریکی لە تاقیکردنەوەکانیدا بەکارهێناوە. لە سەردەمی شارستانیەتی ئیسلامیدا، فەیلەسووف و ماتماتیکزان و پزیشک و مۆسیقاژەن ، کیندی تاقیکردنەوەی لەسەر ڕووناکی و کونەکە کردووە، دواتریش فەیلەسووفێکی دیکەی ئیسلامی بەناوی ئیبن هەیسەم کاری لەسەر ژووری تاریک کرد و بە توێژینەوە و پەرەپێدانی هاوێنە ئامێرەکەی بەرەوپێشبرد.
لە سەدەی شازدەیەمی زایینیدا، لیۆناردۆ داڤینشی لە کتێبێکی 12 بەرگیدا بەناوی “Codex Atlanticus” نووسین و هێڵکارییە وردەکانی لەبارەی ژووری تاریکەوە خستەڕوو، تەنها ژمارەی هێڵکارییەکانی 270 دانەیە. لەو سەردەمەدا، هونەرمەندانی دیکە ژووری تاریکیان بە یارمەتیدەر لە وێنەکێشان دەبینی.
یۆهانس فێرمیر و ژووری تاریک
مێژوونووسانی هونەر پێشنیازی ئەوە دەکەن مامۆستای هۆڵەندیی سەدەی حەڤدە، یۆهانس فێرمیر کامێرای ژووری تاریکی بۆ کێشانی تابلۆکانی بەکارهێناوە. تیۆری مێژوونووسەکان پشتی بە خودی تابلۆکان دەبەستێت، بەڵگەکانیش ئەوەیە کە هیچ نیشانەیەکی ڕاستکردنەوە لەسەر تابلۆکان نەدۆزراونەتەوە.
یەکەم کەس ئەم بیرۆکەیەکی خستەڕوو، جۆزێف پێنێڵی هونەرمەندی ئەمریکی بوو. ئەو تێبینی ئەوەی کرد ئەو پیاوەی لە تابلۆی “ئەفسەر و کچەی دەمبەخەندە (1657)”ـدا پێشاندراوە، دوو هێندەی کچەکە گەورەترە، ڕێک وەک ئەوەی لە وێنەیەکی فۆتۆگرافیدا دەرکەوتبن.
تابلۆی ئەفسەر و کچەی دەمبەخەندە، 1657