پەرلەمانی كوردستان، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای ڕاسپارد لێكۆڵینەوە بكات لەسەر بڕیارێكی وەزارەتی دارایی، بەوەی هەر بڕوانامەیەک مۆڵەتی خوێندنی بۆنەکرابێت، هەژمارناکرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە.
لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان باسی لە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی كرد، بەوەی “هەر بڕوانامەیەک مۆڵەتی خوێندنی بۆنەکرابێت، هەژمارناکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە”، هەڵەدنی وتی، وەزارەتەكە لە بڕیارەكەیدا پشتی بە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2005 بەستووە، بەڵام بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی پێچەوانەی ناوەڕۆكی یاسا پشتپێبەستراوەكەیە.
بۆیە پەرلەمانتارەكە داوایكرد پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بەدواداچوون بكات.
بۆیە ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارەی وەزاەرتی دارایی بكات، وتی، “وەزیری دارایی ناتوانێت بڕیاری لەو شێوەیە بدات، دەتوانێت بڵێت هەژمارناکرێت، بەڵام ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، چونکە بەدەستهێنانی بڕوانامە ڕێکاری خۆی هەیە”.
لە گشتاندنێكدا کە ئاراستەی وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستان کراوە و واژووی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەرە، هاتووە، پاڵپشت بە نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران كە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ دەرچووە، هەروەها پاڵپشت بە یاسای چاكسازی، “هەر بڕوانامەیەك بە بێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتبێت، هەڵدەوەشێتەوە”.