ئەم هەفتەیە بۆ بەرشلۆنە قورسترین دەبێت

لەم هەفتەیەدا خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە و هاوکارانی جموجۆڵی بەهێز و ناچاری ئەنجامدەدەن.

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، لەم هەفتەیەدا ڕایەڵەی یانەکانی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی ناوی پێکهاتە بەشدارەکانی خولی ئیسپانیا بۆ وەرزی 2022-2021 ناونووس دەکەن، بەم هۆیەشەوە یانە گەورەکان ناچارن ڕێژەی یاریزانەکانیان کەمبکەنەوە.

ڕێژەی یاریزانانی یانەکانی بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید نزیکی 35 بووەتەوە، لە کاتێکدا هەر لیستێکی فەرمی دەبێت پێکهاتبێت لە 25 یاریزان.

سەرچاوەکە دووپاتیدەکاتەوە، ئیدارەی لاپۆرتا لەم هەفتەیەدا جموجۆڵی بەهێز و چاوەڕواننەکراو بە سێ هەنگاو ئەنجامدەدات.

یەکەمیان کەمکردنەوەی ژمارەی یاریزانانە لە ڕێگەی فرۆشتنیان، یاخود خواستنیانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ناوەکانی ساموێل ئومتیتی، میرالیم پیانیچ، جونیۆر فێرپۆ، سێرجی ڕۆبێرتۆ، فیلیپی کۆتینیۆ، کارلیس ئالینیا، نیتۆ، کلیمۆنت لانگلێت، خراونەتە لیستی ڕەشەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاڕاستەی یانەکانی دیکە دەکرێن، تەنانەت ئەگەر پێویستبکات دەستبەرداربوونی ناچارییان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بێبەرامبەر یانەیەکی دیکە بۆخۆیان هەڵبژێرن، کە ئەوەش لەڕووی داراییەوە گەورەترین زیانە لە خۆیانی دەدەن.

هەنگاوی دووەم بریتییە لە کەمکردنەوەی تێکڕای موچەی یاریزانان، بۆ ئەم مەبەستەش جێرارد پیکێ و یاریزانە گەورەکان ڕوحیەتی هاوکارییان بۆ ئەم مەبەستە نیشانداوە، تاوەکو یانەکەیان نەکەوێتە گێژاوی لادان لە ڕێساکانی یاری خاوێن، هەروەها نەشزانراوە بۆندی مێسی بە چ شێوازێک نوێدەکرێتەوە و دەبێت ئەو کەیسەش یەکلاییبکرێتەوە.

هەنگاوی سێیەمیش لەلایەن ڕایەڵەی یانەکانی لالیگاوەیە بە یاریدەدانی یانە گەورەکان، سەرەڕای ئەوەی خاڤێر تیباس ڕەتیکردووەتەوە یاریدەی بارسا بدات، بەڵام هیوایان بەوەیە لە کۆتاییدا جیاکاری لەنێوان یانە کێشەدارەکان و ئەوانی دیکەدا بکات.

بابەتی پێشتر

مباپێ بە مەرجێک بۆندەکەی لەگەڵ پاریس نوێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

لوکاتێلی و پیانیچ هاوکێشەی سێ یانە بەئەنجام دەگەیەنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share