وەزارەتی بازرگانی عێراق بە پاڵپشتی حکومەت، 150 بازاڕی گەورەی تایبەت بە خۆراک دروستدەکات و سەرجەم شارەکان دەگرێتەوە.
محەمەد حەنون، ووتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لە رێگای پلانێکی پێنج ساڵییەوە کار بۆ دروستکردنی 150 بازاڕی گەورەی خۆراک (هایپەرمارکێت) لە سەرانسەری عێراقدا دەکەین کە نرخەکانی بەراورد بە بازاڕە بازرگانییەکان %20 کەمترە.
وتیشی “ئامانجی ئەم پڕۆژەیە دابینکردنی سەقامگیرییەکی باشترە بۆ نرخی خۆراک، بە تایبەت کە لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی گۆرانکارییەکانی نرخی دۆلارەوە هاوڵاتییان ئاستەنگییان بۆ دروستبوو”.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2025 کۆمەڵێک پرۆژەی تایبەت بە بواری خۆراک جێبەجێدەکرێت، لەوانە دروستکردنی سێ ناوچەی فراوانی تایبەت بە بازرگانی خۆراک و لەلایەن وەزارەت و حکومەتی عێراقەوە چاودێری جموجۆڵ و نرخەکان دەکرێت.