ئەمریكا.. لە سەربەخۆییەوە تا ئەمڕۆ

مەزەندە دەکرێت فرەنەژادترین وڵاتی جیھان بێت

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ساڵانە لە 4ی تەمموزدا ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیی دەگێڕێت، كە ڕۆژی لەدایكبوونی ئەمریكایە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەر لە 245 ساڵ، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و یەکگرتنی 13 ناوچەی داگیرکراو (مستعمرة)ی بەریتانیای گەورە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە گەورەترین هێزی ئابوری و سەربازییە لە جیهاندا، لە ئاكامی شۆڕشی نیشتەجێ ئەوروپییە سپیپێستەكان دژ بە داگیركاریی بەریتانی دامەزراوە، دواتر دەستووری ئەمریكا، كە لە ساڵی 1787 داڕێژراوە، سیستمی فیدڕاڵی جێگیركردووە، كە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەخۆدەگرێت و لەوكاتەوە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتیی بەسەردانەهاتووە.

4ی تەمموزی 1776 چی ڕوویدا؟
لەو ڕۆژەدا كۆنگرێس، كە نوێنەرانی 13 ناوچەی داگیركراو (مستعمرة)ی بەریتانی لەخۆدەگرت، ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر داڕشتەی كۆتایی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، پاش گفتوگۆكردنێك، كە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند.

لە 100 ساڵی یەكەمدا، ئەمریكییەكان لەم ڕۆژەدا ئاهەنگیان نەدەگێڕا، بەڵام لە ساڵی 1870دا كۆنگرێس بۆ یەكەمجار 4ی تەمموزی وەك ڕۆژی نیشتیمانی و یەكێك لە پشووە فەرمییەكان دیاریكرد.

سەرەتای ناكۆكییەكان كاتێك دەستیپێكرد كە پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاری باج و ڕێوشوێنی توندی دەركرد، كە بووە هۆی توڕەیی ئەمریكییەكان، بەتایبەت لە ناوچەی داگیرکراوی ماساچوستس لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكە، لە شوباتی 1775 بەریتانیا ماساچوستس-ی وەك “داگیرکراوێك كە لە حاڵەتی یاخیبووندایە” ناوبرد، لە نیسانی هەمان ساڵ یەكەمین شەڕی شۆڕشی دژ بە هێزەكانی بەریتانیا لە بۆستن سەریهەڵدا، كە ژمارەیەكی كەمی ناوچە داگیركراوەكان بەشدارییان كرد، بەڵام تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو زۆرینەی ناوچە داگیركراوەكان چوونە پاڵ شۆڕشەكە.

لەگەڵ خێرابوونی ڕووداوەكاندا نوێنەرانی ناوچە داگیركراوەكان لە كۆنگرێس كۆبوونەوە و جۆرج واشنتن-ی جەنەڕاڵی خانەنشینیان ڕاسپارد بە پێهێنانی سوپایەك، كە دەربڕی هەر 13 ناوچەكە بێت، كە دواتر بوونە ویلایەتە دامەزرێنەرەكان.

سوپای نوێی ئەمریكا گەمارۆی بۆستن-ی دا و هێزەكانی بەریتانیای وەدەرنا، دواتر پێكدادان لەگەڵ هێزەكانی شانشینی یەكگرتوو لە زۆرینەی ناوچەكانی كیشوەرەكە لە كەنەداوە لە باكوور تا ساوس كارۆلینا لە باشوور سەریهەڵدا.

لە 7ی حوزەیرانی 1776 كۆنگرێس لە بینای ویلایەتی پێنسلڤانیا، كە دواتر بە هۆڵی سەربەخۆیی ناوبرا، كۆبووەوە و ریچارد هێنری لی، نوێنەری ڤێرجینیا، پێشنیازێكی پێشكەشكرد، كە تیایدا داوای سەربەخۆیی ناوچە داگیركراوەكانی لە بەریتانیا دەكرد، لە 2ی تەمموزی هەمان ساڵ كۆنگرێس لە بەرژەوەندیی پێشنیازەكەی هێنری لی لەپێناو سەربەخۆیدا بڕیاریدا و لە 4ی تەمموز كۆنگرێس بەفەرمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند.

دوای بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەنراوەكەش، ئەمریكییەكان لە چەند ویلایەتێك چوونە سەر شەقامەكان و بە بەرزكردنەوەی لافیتەوە ئەو پەیكەرانەیان خستەخوارەوە، كە دەربڕی سەروەری و قەڵەمڕەویی بەریتانیا بوو.

بەڵام بەریتانیا لای خۆیەوە سەربەخۆیی ڕەتكردەوە و بەمەش تا پێنج ساڵی پاش ڕاگەیەنراوەكە شەڕ درێژەی كێشا، ئەمریكییەكان هاوپەیمانییان لەگەڵ فەرەنسا و ئیسپانیا و هۆزەكانی دانیشتوانە ڕەسەنەكان (هیندییە سوورەكان) پێكهێنا و لە باكوورەوە بەسەر بەریتانییەكاندا سەركەوتن، بەر لەوەی شەڕ لە باشوور چڕببێتەوە.

لە تشرینی یەكەمی 1781 ئەمریكییەكان سەركەوتنێكی دیكەیان لە شەڕی بۆركتاون لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەدەستهێنا، دوو ساڵ پاش ئەو سەركەوتنە، لە 3ی ئەیلولی 1783 بەریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕێككەوتنی ئاشتییان لە پاریس واژووكرد و بەریتانیا دانینا بە سەربەخۆیی ئەمریكادا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
بەئینگلیزی، (United States of America) کۆمارێکی دەستووریی فیدراڵییە، کە لە پەنجا ویلایەت و یەک ھەرێمی فیدراڵ پێکھاتووە، زۆربەی خاکی ئەم وڵاتە لە ناوەندی كیشوەری ئەمریکای باکووردایە، وڵاتەكە دەکەوێتە نێوان هەردوو ئۆقیانوسی ئارام و ئەتلانتیک، لە باکوورەوە لەگەڵ کەنەدا و لە باشوورەوە لەگەڵ مەکسیکدا ھاوسنوورە.

ڕووبەری ویلایەتە یەكگرتووەكان 9.83 ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 333 ملیۆن كەسە، مەزەندە دەکرێت فرەنەژادترین وڵاتی جیھان بێت و ئەم جۆراوجۆرییە بەرھەمی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی وڵاتانی ترە بۆ ئەو وڵاتە.

شەڕی ناوخۆ
لە کلتوری ژمارەیەك لە ویلایەتەکانی باشووردا ڕاگرتنی کۆیلە ڕێگەپێدراو بوو، بەڵام لە ویلایەتەکانی باکووردا وا نەبوو، بۆیە کاتێک ئەبراھام لینکۆڵن، نوێنەری زۆربەی ویلایەتەکانی باکوور و نوێنەری کۆمارییەکان لە ساڵی 1860دا بووە سەرۆک کۆمار، بانگەوازی لابردنی ئەو یاسا و کلتوورەی دا و ھەموو بەندەکانی بەپێی یاسا بە ئازاد هەژماركرد، ئەوە بووە ھۆی ئاڵۆزیی نێوان ویلایەتەکانی باکوور و باشوور، لە ساڵی 1861 ئاگری شەڕی ناوخۆ سەریهەڵدا و تا ساڵی 1886 درێژەی کێشا و تێیدا 620 ھەزار کەس کوژران، بۆیە بە خوێناویترین شەڕی مێژووی ئەم وڵاتە دەناسرێت، لە ئاکامدا باکوورییەکان سەرکەوتن و کۆیلەداری بەپێی یاسا نەما.

جەنگە جیهانییەكان و قەیرانی گەورەی ئابوری
لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا، لە ساڵی 1914 ئەمریکا بێلایەن مایەوە، ئەگەرچی زۆربەی خەڵک پاڵپشتیی فەڕەنسا یا بەریتانیایان دەکرد، ئەمریکا لە ساڵی 1917 ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی کرد، بەڵام گرێبەستی کۆتایی جەنگ، کە لە پاریس واژووکرا، پەسەند نەکرد.
لە ساڵانی 1920دا دۆخی وڵاتەكە بێهێزی ئابوریی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆیەوە لە ساڵی 1929دا سستی ئابوری ڕوویدا و تێیدا یەک لە چواری خەڵک کار و پیشەی خۆیان لەدەستدا و ئەو ڕووداوە بە قەیرانی گەورەی ئابوری ناوبرا.

لە جەنگی جیھانیی دووەم، ئەمریکا دیسان بێلایەن بوو، بەڵام پاش داگیرکردنی پۆلەندا لەلایەن نازییەکانەوە، ئەمریکا بە ناردنی پێداویستییەکانی شەڕ بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانان و دواتر کە ژاپۆن ھێرشی کردە سەر (پێرل هاربەر)ی ئەمریکا، وڵاتەكە بە فەرمی بووە ئەندامی ھاوپەیمانان و تێکەڵ بە شەڕ بوو.

ئەمریکا یەکەم وڵاتبوو دەستی گەیشتە چەکی ئەتۆمی و بۆ یەکەم جار لەسەر ھیرۆشیمای ژاپۆن تاقیکردەوە، بەمەش شەڕەکە بە کۆڵدانی ژاپۆن کۆتایی ھات.

ئاکامی شەر ئەگەرچی بردنەوە بوو لە ئەوروپادا، بەڵام ئەمریکای دوورترین وڵات، لەگەڵ ئەوەی لە گەرمەی شەڕەكەدا بوو، بەڵام دوورییەكەی لە مەیدانی جەنگ وایكرد بێ ئەوەی تووشی تێکچوونی ئابوری بێت، بە درێژایی شەڕ لە گەشەی ئابوری بەردەوام بوو، بەشێوەیەک پاش جەنگی جیھانیی دووەم، ئەمریکا بووە زلھێزی ئابوریی جیهان.

جەنگی سارد و ململانێی ناوخۆ
پاش جەنگی جیھانیی دووەم، ئەمریکا و سۆڤیەت کێبڕکێیان بوو بۆ گرتنی نازناوی زلھێزی جیھان، ئەم شەڕە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تێدا نەبوو، ئەمریکا لەگەڵ کۆریای باکوور و چین لە ساڵی 1950 تاکو 1953 بەشەڕ ھات، کە بە شەڕی کۆریا دەناسرێت، لە ناوخۆشدا بەرەنگاری بزوتنەوە کۆمۆنیستییەکان دەبوونەوە.

لە ساڵی 1961دا سۆڤیەت یەکەمین کەشتیی ئاسمانی نارد بۆ بۆشایی ئاسمان و ئەمە بە جۆرێک نیشانەیەکی پێشکەوتنی سۆڤیەت و ھەروەھا جێگەی مەترسی بوو بۆ ئەمریکا، بەڵام دواتر ئەمریكا بووە یەكەم وڵات بگاتە سەر مانگ.

هەروەها کێبڕکێی ئەتۆمیی دوو زلھێزەکە لەم سەردەمەدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی، بەشێكی زۆر لە وڵاتان بەسەر دوو بلۆكەكەدا دابەشبوون، بەڵام دواجار جەنگی سارد بە لەیەکجیابوونەوەی کۆمارەکانی سۆڤیەت و كەوتنی بلۆكی سۆسیالیستی کۆتایی ھات.

11ی سێپتەمبەر
ڕێكخراوی قاعیدە لە 11ی ئەیلولی 2001 زنجیرەیەک هێرشی لە شارەکانی نیویۆرک و واشنتن ئەنجامدا، كە نزیكەی سێ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە، دوای ئەو هێرشانە ئەمریكا بە ھاوکاریی ناتۆ ھێرشی کردە سەر ئەفغانستان و تاڵیبان، دوو ساڵ دواتریش لە سەردەمی بوش-ی كوڕدا، ئەمریكا بەهاوكاری وڵاتانی هاوپەیمانی، هێرشی بۆ سەر ڕژێمەكەی سەدام حسێن لە عێراق ئەنجامدا و بە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس كۆتایی پێهێنا.

پوختەی مێژوویی
1565 – دامەزراندنی یەكەم نشینگەی ئەوروپیی جێگیر لە ئەمریكای باكوور.

سەدەكانی 17 و 18 – بەكۆیلەكردنی سەدان هەزار ئەفریقی و گواستنەوەیان بۆ ئەمریكا بۆ كاركردن لە كێڵگەكانی پەمو و توتن.

1775- هەڵایسانی شۆڕشی ئەمریكا لەژێر فەرمانڕەوایی جۆرج واشنتن دژ بە داگیركاریی بەریتانیا.

1787- داڕشتنی دەستوری ویلایەتە یەكگرتووەكان، كە لە ساڵی دواتردا چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەدەی 19 – سەركوتكردنی بەرگریی دانیشتوانی ڕەسەن (هیندییە سوورەكان) لە ئەمریكای باكوور دوای ئەوەی شەپۆلی كۆچی ئەوروپییەكان ئاستێكی بەرزی تۆماكرد و زۆرێكیان ڕوویان لە ناوچەكانی ڕۆژئاوا كرد.

لە 1861 تا 1865 – جەنگی ناوخۆیی ئەمریكا، هێزە فیدڕاڵییەكان ڕوبەڕووی هێزی ویلایەتەكانی باشوور دەبنەوە و دواتر جەنگەكە قەدەغەكردنی كۆیلەكردنی لێكەوتەوە بەپێی هەمواری 13ی دەستوری ئەمریكا.

لە 1929 تا 1933 – زیاتر لە 13 ملیۆن ئەمریكی سەرچاوەی بژێوییان لەدەستدەدەن بەهۆی هەرەسهێنانی بازاڕی دراوی وۆل ستریت لە نیویۆرك لە ساڵی 1929.

1941- ژاپۆن هێرشێكی گەورە دەكاتە سەر كەشتیگەلی ئەمریكا لە پێرڵ هاربەر لە هاوایی، كە بووە هۆی چوونە ناوەوەی ئەمریكا بۆ نێو جەنگی جیهانیی دووەم.

1954- لە دەستوردا جیاكردنەوەی ڕەگەزی لە قوتابخانەكاندا ڕەتدەكرێتەوە، جوڵانەوە و ناڕەزایی مەدەنی دەستیپێكرد بە ئامانجی پێدانی مافی مەدەنی بە ئەمریكییە ڕەشپێستەكان.

1969- نایل ئارمسترۆنگ‌ و باز ئالدرین وەك یەكەمین مرۆڤ لە گەشتێكی 100 كاتژمێریدا 384 هەزار كیلۆمەتریان بڕی‌ و لەسەر ڕووی مانگ نیشتنەوە و بەم كارەیان ئامانجێكی گرنگی (ناسا)یان بەدیهێنا كە باڵادەستی ئەمەریكا بوو لە بەرامبەر سۆڤیەتدا.

2001- هێرشەكانی سێپتەمبەر بۆ سەر نیویۆرك و واشنتن، كە بووە هۆی دەستپێكردنی “جەنگی دژ بە تیرۆر” و هێرش بۆسەر ئەفغانستان و عێراق.

2008- هەڵبژاردنی باراك ئۆباما، وەك یەكەم سەرۆكی ڕەشپێست لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.

بابەتی پێشتر

دوورنییە سیناریۆی هیندستان لە عێراق دووبارە ببێتەوە.. لیژنەی تەندروستی هۆشداری دەدات

بابەتی دواتر

سلێمانی.. نرخی یەك ئەمپێر كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ڕابردوو 9 هەزار دینارە

بابەتی پەیوەندیدار