خراپترین سیناریۆکان چین؟
تایوان ئاگری جەنگ لەنێوان ئەمریکا و چین هەڵدەگیرسێنێت

شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتنە تایوان، ئەوە لەکاتێکدایە چاودێران هۆشداری لە ئەگەری شەڕێکی وێرانکەر لەنێوان ئەمریکا و چین دەدەن و ئەو هەنگاوەش بە سوتەمەنیی  هەڵگیرسانی ئەو شەڕە دادەنرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تایوان ئاشکرایکرد، سەردانی شاندەکەی کۆنگرێس بۆ تایپێ لەچێوەی ئەو سەردانە فراوانەیاندایە کە لە ناوچەی زەریای هێمن و هیندی ئەنجامی دەدەن.

چین تا ئێستاش بەردەوامە لە مانۆڕە سەربازییەکانی لە نزیک دورگەی تایوان، کە ڕاستەوخۆ دوای سەردانەکەی نانسی پیلۆسی دەستیپێکرد، لەکاتێکدا بەر لە 10 ڕۆژی چین ئەو سەردانەی پیلۆسیی ڕەتکردبووەوە.

هەروەها تایوان دوای چەند ڕۆژێک بە مانۆڕ و چەکی ڕاستەقینە وەڵامی مانۆڕەکەی چینی دایەوە.

ڕاپۆرتە خۆرئاواییەکان هۆشداریدەدەن لە بەردەوامی ئاڵۆزییەکان، کە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان یەکەم و سێیەم گەورەترین و بەهێزترین سوپای جیهان زیاتر دەکات.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە شێکارییەکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە ئەگەری دروستبوونی شەڕ لەنێوان ئەمریکا و چین، زیانی گەورە بەر هەردوو وڵات و جیهانیش دەکەوێت.

ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژیی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن لەوبارەیەوە سیناریۆ گریمانەکراوەکان دەخاتەڕوو و دەڵێت، “ئەگەری دروستبوونی ململانێیەکی توند لە گەشەکردندایە”.

ئەگەری زۆرە مووشەکە بالیستییەکانی چین بەشێکی زۆر لە کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ژاپۆن لەناوببەن و فڕۆکەکانیان تێکبشکێنن.

لەلایەکی دیکەوە مارک کانسیان گەورە بەرپرسی پێنتاگۆن لەوبارەیەوە دەڵێت، “لەبەرامبەردا هێرشە دژەکانی ئەمریکا کەشتی و چەکە ئاوی و وشکانییەکانی چین لەناودەبات، بەوهۆیەوە لانیکەم 150 کەشتیی چین نوقم دەبن.

هۆشداریداوە لەوەی ئەگەر ئەمریکا ڕێگری لە داگیرکردنی تایوان لەلایەن چینەوە بکات، تواناکانی بونیادنانی سەربازیی چین چەندین ساڵ دەگەڕێتە دواوە، بەوەش هەریەکە لە ئێران و واشنتۆن لاوازییەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنن.

بەپێی هەڵسنگاندنەکانی گڵۆباڵ فایەر پاوەر، لە ساڵی 2022دا سوپای ئەمریکا لە پلەی یەکەمی سوپاکانی جیهاندایە، بە ژمارەی 2.245 ملیۆن سەرباز، 845.5یان لە هێزی یەدەگن.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەکی گەورە لە مووشەک، زرێپۆش، ئەمریکا زیاتر لە سێ هەزار و 750 کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە، بودجەی بەرگریی وڵاتەکە 750 ملیار دۆلارە.

بەڵام سوپای چین لە پلەی سێیەمدایە، ژمارەی سەربازەکانی سێ ملیۆن تێدەپەڕێنێت، توانا ئاوییەکانی لە پلەی یەکەمدایە، توانا ئاسمانییەکانی لە پلەی سێیەمدایە، چین خاوەنی 350 کڵاوەی ئەتۆمییە، هەروەها 204 مووشەکی دوور مەودای هەیە، هەزاران مووشەکی کیشوەربڕ، بودجەی بەرگریی چین 230 ملیار دۆلارە.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پیتەر ئەلێکس دەڵێت، “ئەگەری روودانی جەنگ بەڕاستی کارەسات دروستدەکات”، سەردانەکانی ئەمریکا بۆ تایوان هۆکاری هەڵگیرساندنی ئەو جەنگەیە.

هەروەها ڕۆژنامەی لوپۆنی فەرەنسی دەڵێت، کێشەکانی نێوان هەردوولا تادێت زیاتر دەبێت، هەر هەڵەیەک دەبێتە کارەساتێکی جیهانی.

بابەتی پێشتر

یارییەكانی ئەمڕۆ بزانە

بابەتی دواتر

لە ناوچەی شارباژێڕ نوێترین ڕووەک دەدۆزرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share