دۆسیەی گرژیی نێوان دوو هێزەكە لە سلێمانی دانەخراوە و لە دادگای سەربازییە

دۆسیەی گرژییەكانی شەوی 22ی مانگی ڕابردووی نێوان هێزێكی کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی دانەخراوە، ئەو كەسانەی هۆكاری گرژییەكە بوون دراونەتە دادگای سەربازیی.

ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەو ڕووداوەی لە شەوی 22ی مانگی ڕابردوو لە نێوان ئەو دوو هێزە ئەمنییە ڕوویدا، بەهۆی ئەوەی هەردوولا سەربازین، دادگای سەربازی دەیبینێت و بە یاسای سزادانی سەربازی دادگایی دەكرێن، نەك مەدەنی”.

پێشتر مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەكانی 70 ڕایگەیاندبوو، كێشەكە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە چارەسەركرا، بەڵام وتەبێژی هێزەكانی 70 دووپاتیدەكاتەوە، ئەو قسەیە بەو مانایە بووە، كە هەردوولا ڕێككەوتوون كێشەكە بدرێتە دادگا، “ئەو ڕێككەوتنەش بۆ ئەوە بووە گرژی كۆتایی پێبێت و دادگا یەكلایی بكاتەوە، بەڵام مانای ئەوەنییە بە سوڵحی عەشایەری كۆتاییهاتووە”.

وتەبێژی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە، جەختی لەوەشكردەوە، “هەردوو لایەن ملكەچن بۆ بڕیاری دادگا و هەر بڕیارێك بدات جێبەجێی دەكەن”.

شەوی 22ی ئەم مانگە لەبەردەم هۆتێل ئەبو سەنای شاری سلێمانی هێزێكی کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی ڕوبەڕووی یەک بوونەوە، لە ڕوبەڕوبوونەوەكەدا 11 ئەندامی هەردوولا برینداربوون، كە زۆرینەیان ئەندامی هێزەكانی ئاسایش بوون.

دوای ڕووداوەكەش ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردبوو، “شۆفێرێک پابەند نەبووە بە ڕێکار و ڕێنماییە یاساییەكان و پاش گرفت دروستکردن، ھێزێکی چەکدار بەشێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی لە ئەرکدا بوون”.

ئەو كەسەی لە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی سلێمانیدا ئاماژەیپێدراوە، كچی جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

بابەتی پێشتر

ئەو (25) هۆکارەی وا لە مێسی دەکەن لە بەرشلۆنە بمێنێتەوە

بابەتی دواتر

شەش ڕێگای پشتیوانیی باوان بۆ منداڵەكانیان لە قۆناغی ئێستادا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share