شەش ڕێگای پشتیوانیی باوان بۆ منداڵەكانیان لە قۆناغی ئێستادا

زانیارییەكانیان لەگەڵدا بەش بكە

پەتای كۆرۆنا بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی و شەكەتی و بێزاری، بەتایبەت لەلایەن منداڵان لە تەمەنە جیاوازەكاندا، ئەوان بە شێوازی جیاجیا ئەو هەستانەیان دەردەبڕن، بەڵام ئەگەر منداڵەكەت ڕوبەڕووی داخستنی قوتابخانە و وەستانی چالاكییەكان و دابڕان لە هاوڕێكانی بووەتەوە، ئەوا پێویستییەكی زۆری بە خۆشەویستی و پشتیوانیی باوان هەیە زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە.

دكتۆر لیزا دامۆر (Lisa Damour) پسپۆڕی دەروونیی كەسانی تازەپێگەیشتوو و خاوەن زۆرترین كتێبی فرۆشراو لەو بابەتە و نوسەر لە گۆڤاری نیوزویك، ڕێگاچارەكان و چۆنیەتی دروستكردنی ژینگەیەكی تەندروست بۆ منداڵان لەناو ماڵدا لەم ماوەیەدا دیاریدەكات.

1- هێمن و دەستپێشخەر بە:
پێویستە دایك و باوكان هێمن و لەسەرخۆ بن لەكاتی باسكردنی كۆرۆنا و ئەو ڕۆڵە گرنگەی منداڵان دەتوانن بیگێڕن لە پاراستنی تەندروستییان.

ئەگەر منداڵەكەت لەوانەیە، كە ترس و نیگەرانی بەرامبەر كۆرۆنا هەیە، دەتوانیت پرسەكەی بۆ ئاسان بكەیت لەڕێی جەختكردنەوە لەو هەنگاوە بەسوودانەی دەبنە هۆی پاراستنی خۆمان و چواردەورمان، وەك دەستشتن، دەستنەدان لە دەموچاو و پەیڕەوكردنی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی.

2- بەردەوامی بە ژیانی سروشتیت بدە
منداڵان پێویستیان بە پلانداڕێژییە، ئەوەی پێویستە بیكەین و بە خێرایی ئەنجامیبدەین، دانانی پلانێكە بۆ ئەوەی هەموومان ڕۆژەكەمان بەشێوەیەكی دروست بەڕێوەبچێت، ئەوەش كاتی یاریكردن و بەكارهێنانی تەلەفۆن لەلایەن منداڵەوە بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ هاوڕێكانی و چالاكیی دیكە لەخۆدەگرێت، هەروەك پێویستە چەند كاتژمێرێكی هەبێت دوور لە تەكنەلۆژیا، جگە لە كاتی پێویست بۆ هاوكاریی كاروباری ماڵ، بوونی پلان وادەكات منداڵ بزانێت كەی پێویستە كاربكات و چ كاتێكیش یاری بكات.

ئەو پسپۆڕە پێشنیازی ئەوەش دەكات منداڵان بەشداری كارەكانی باوان بكەن (منداڵانی تەمەن 10 و 11 ساڵان و زیاتر) دەكرێت منداڵەكە لە كارێكدا هاوكاری باوانی بكات، دواتریش باوان لەو كارەی منداڵەكە لە ئەستۆدایەتی، یارمەتی بدات.

3- ڕێگەبدە هەستی خۆیان دەرببڕن
لەگەڵ داخستنی قوتابخانەدا سەرجەم چالاكی و بۆنە و چالاكییە وەرزشییەكان نەماون، بۆیە منداڵان بێئومێد بوون لە بەرامبەر ئەوەی پێشتر لەسەری ڕاهاتوون، ڕێگەیان بدەن و سەرسام مەبە لەبارەی دەربڕینی نیگەرانییە زۆرەكانیان و گریانیان لەوبارەیەوە، هاوسۆزی و پشتیوانیت بۆیان لەو دۆخەدا هەڵسوكەوتە دروستەكەیە.

4- زانیارییەكانیان لەگەڵدا بەش بكە
لەئێستادا بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست بەشێوەیەكی بەرچاو لەئارادایە، بەدواداچوون بكە بۆ ئەوەی منداڵەكەت دەیبیستێت یان پێیوایە ڕاستە، تەنها زانینی ڕاستییەكە و وتنی بە منداڵەكەت بەس نییە، چونكە پێدەچێت لەنێو ئەو زانیارییە نوێیەی تۆ پێیاندەدەیت و ئەوەی پێشتر دەیانزانی، بمێننەوە، بەردەوامبە لە نوێكردنەوەی زانیارییەكانی تا ببێتە خاڵی دەستپێك بەرەو ڕێگای دروست.
ئەگەر پرسیارێكی لێكردیت و وەڵامەكەیت نەزانی، بە هەڵسەنگاندن و گریمانەیی وەڵامی مەدەنەوە، بەڵكو هەلەكە بقۆزەرەوە و پێكەوە بەدوای وەڵامەكەیدا بگەڕێن، سایت و پێگە باوەڕپێكراوەكان بۆ دۆزینەوەی وەڵامە ڕاستەكە بگەڕێن.

5- كارێك بكە تێڕوانین و خۆشەویستییان زیاتر بۆ خۆت ڕابكێشیت
هەمووان وەك خێزان چەند ڕۆژێك جارێك پێكەوە بەشداری لە یارییەك یان دروستكردنی خواردنێك بكەن، بڕیاربدەن ئێوارەیەك پێكەوە خواردن ئامادەبكەن، ئەندامانی خێزان بكەنە دوو گروپ، هەر جارێك یەكێك بەرپرسیارێتیی سەرەكیی ئامادەكردنەكەی لەئەستۆدابێت.

6- ئاگاداری هەڵسوكەوتت بە
دایك و باوكانیش نیگەرانن و منداڵان هەست بەوە دەكەن، ئەو پسپۆڕە داوا لە باوان دەكات هەرچی دەتوانن ئەنجامی بدەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نیگەرانییەكانیان، وابكەن نیگەرانییەكانیان لەگەڵ منداڵەكانیان بەش نەكەن، ئەمەش واتە سەركوتكردنی هەستەكانت، كە هەندێكجار ئاسان نییە.

منداڵان پشت بە باوانیان دەبەستن بۆ هەستكردن بە جۆرێك لە دڵنەوایی و ئارامی، زۆر گرنگە لەوە تێبگەین ئەوان سەرنشینی ئەم ڕێگایەن و ئێمەش كاروانەكە بەڕێوەدەبەین، ئەگەر هەستمان بە نیگەرانی كرد، پێویستە هەستەكە دزەنەكات بۆ ئەوان، چونكە دەبێتە بەربەست لەبەردەم هەستكردنیان بە ئارامی لە گەشتەكەیاندا.

بابەتی پێشتر

دۆسیەی گرژیی نێوان دوو هێزەكە لە سلێمانی دانەخراوە و لە دادگای سەربازییە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. مانگی ڕابردوو 49 شوێن داخراون و زیاتر لە 74 تۆن شمەك دەستیان بەسەردا گیراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share