خۆپیشاندانەکان دەریدەخەن ئێران کێشەی لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە

زیادبوونی ناڕەزاییەکانی ناوەوە و پشێوی و نائارامیی ناوچەکە بوونەتە بارگرانی لەسەر قازانجی دەوڵەتی ئێران و بە دیاریکراویش، لەسەر شەرعیەتی یاسایی ڕژێمی مەلایی کە حوکمی تاران دەکات.

 

ناڕەزاییە ئابوورییەکان و زۆرداری و توندوتیژییە سیاسییەکان لە وڵاتەکەدا تەشەنەیان سەندووە. کاتێک ئەمانە لەگەڵ تووڕەییەکانی لوبنان و عێراق دژبە ڕەفتاری لوتبەرزانەی ئێران لەگەڵ دراوسێکانیدا یەکدەگرن، ئاماژەی ڕوون هەن کە ڕژێمەکە لە کێشەیەکی زۆر گەورەدایە؛ هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە. ئەمە بەتەواوی مانای ئەوە نادات کە کۆماری ئیسلامی لە لێواری داڕوخاندایە، بەڵکو واتە شەرعیەتی یاسایی ڕژێمەکە لەژێر بارگرانیدایە، تا ئاستێک کە ئەو ناڕەزاییانەی هاووڵاتیان لە دەسەڵات زیاتردەکات کە ساڵی ٢٠٠٩ دەریانبڕی، کاتێک جووڵانەوەیەک بە ناوی ‘جووڵانەوەی سەوز’ لە دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد دروستبوو.

 

جووڵانەوەی سەوز بە مامەڵەیەکی توندوتیژانە کپکرایەوە، بەڵام دوای ئەوەی خۆپیشاندەران ڕێگەیان پێدرا بەئاشکرا و ئازادانە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک تووڕەییەکەیان دەربڕن. لەم ماوەیەدا هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکەوە پشێوی کەوتە ناو سیستمی ئاسایشی ڕژێمەکە. هەروەها خۆپیشاندەران نەک تەنیا لەلایەن سەرکردە ئایینییە توندڕەوەکان بەڵکو لە لایەن سەرۆکی میانڕەو حەسەن ڕۆحانیشەوە ئاگادارکرانەوە کە نابێت هیچ پشێوییەک بنێنەوە کە لە قازانجی “دەسەڵاتدارە دوژمنەکان”ـدا بێت. ساڵی ٢٠٠٩، دابەشبوونی ئاشکرا لە نێوان میانڕەو و توندڕەوەکانی ناو ڕژێمەکەدا ڕوویدا، میانڕەوەکان پشتگیریی جووڵانەوەکەیان دەکرد و توندڕەوەکان دژی دەوەستانەوە. دوو کەسایەتیی ڕابەری جووڵانەوەکە؛ میر حوسەین موسەوی و مەهدی کەڕووبی، کێبڕکێیان دەکرد بۆ پێگەی سەرۆکایەتی و بوون بە بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەڕێوەبردن، جگە لە بردنەوە.

 

ئەمجارە خۆپیشاندانەکانی دژبە ڕژێم لەناکاو دەستیانپێکرد و هاننەدراون، هەر بەتەنیا و بەبێ دەستێوەردانی هیچکەس و گرووپێکی سەر بە ڕژێمەوە. وەک هۆنگ کۆنگ و لوبنان و عێراق، جووڵانەوەکان خۆیان سەرکردەی خۆیانیان دیاریکرد. ئەمە دەکرێت خاڵی بەهێز و لاوازی جووڵانەوەکە بێت. لە لایەکەوە ئەوە بۆ حکوومەت زۆر قورس دەبێت کە سەرکردەکان بناسێتەوە و ئاساییان بکاتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، لەناکاوی خۆپیشاندانەکان ئەوە دەردەخەن کە ناڕێکخراوییان پێوە دیارە، ئەوەش گومان دەخاتە سەر توانای خۆپیشاندانەکان لە بەردەوامبوونیان بۆ ماوەیەکی درێژ.

 

ئێران بەئاشکرا هەوڵیداوە دەست بەسەر ژینگەی سیاسیی عێراق و لوبناندا بگرێت.

جیاوازییەکی سەرەکیی دیکەی نێوان خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٩ ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ لەلایەن سیاسییەکانەوە بۆ مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان دەستیانپێکرد، بەتایبەتیش بەهۆی بڕیاری ڕژێمەکە بۆ ئامادەکاری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە قازانجی ئەو کاندیدەی کە دەیەوێت. ناڕەزایی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان ئەوە بوو کە هەڵبژاردنەکان ساختەکارییان تێداکراوە و دەنگەکانیان بێسوود بوون. ساڵی ٢٠١٩، خۆپیشاندانەکان لە بنەڕەتدا بەهۆی ناڕەزاییە ئابوورییەکان دەستیانپێکرد و پاشان لەگەڵ بڕیاری حکومەت لە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بە ڕێژەی لە سەدا ٥٠، ناڕەزاییە ئابوورییەکان لە پاش سەپاندنی سزاکان لەلایەن نووسینگەی ترەمپەوە زیادیان کرد، دوای دەرچوون لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە مانگی مایسی ٢٠١٨ـدا و بڕیاری فشارخستنە سەر ئێران تاوەکو تاران ئاڕاستەکەی لەسەر چەکی ئەتۆمی و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان پێوەی هەیە بگۆڕێت و دەستێوەردانەکانی لە ناو کاروبارەکانی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات. دووبارە سەپاندنی سزا بە سەر ئێراندا لەلایەن ئەمەریکاوە، ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمانی کاتی بردووە، لەگەڵ چوونەدەرەوەی کۆمپانیا سەرەکییەکان و پسپۆڕەکانی بواری نەوت لە ئێران. سەرچاوە یارمەتیدەرەکانی ئابووری تا بێت بەرەو کەمبوونەوە دەچن. چوونەدەرەوەی کۆمپانیاکان کاتێک ڕوویاندا کە نووسینگەی ترەمپ سزای لەسەر هەشت کۆمپانیا گەورەکەی کڕیاری نەوتی ئێران دانا، لە ناویشیاندا چین و هیندستان و تورکیا. پسپۆڕەکانی بواری نەوت لە بارەی خۆیانەوە وتیان: لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران لە ٢،٤٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکرد (دوای سەپاندنی سزا بەسەریاندا) بۆ ٠،٢٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩. بەمەش ئابووریی ئێرانی بەرەو کارەسات برد. لە دەرئەنجامدا، نرخی دراوی ئێرانی بەخێرایی دابەزی، بە ڕێژەی نافەڕمی ١٣٥ هەزار تمەن بۆ ١$، ئەوەش نیگەرانیی کۆمەڵگەی ئێرانی لەبەرانبەر دۆخی دارایی زیادکرد.

 

ئەو ڕاستییەی کە هیچ لایەنێکی سیاسی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا دژی سەرکردەی باڵا عەلی خامنەیی و حکوومەتی ڕۆحانی نین، ئەو وەڵامدانەوە خێرا و توندانەی ڕژێمەکە ڕووندەکاتەوە کە بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر و زیندانیکردنی سەدان و هەزارانی دیکە لە زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا.

 

لەسەروو هەموو شتێکەوە، ئەو کاردانەوانە ئاماژەی سەرلێشێوانی ڕژێمەکەن، بەهۆی لەدەستدانی شەرعییەتی یاساییەوە. بەڵام مەسەلەکە پەیوەندیی بە وەڵامدانەوە توندەکانی وڵاتانی دراوسێشەوە هەیە، بەتایبەتی لوبنان و عێراق، کە ڕۆڵی گرنگیی دەرەکیان هەبووە.

 

ئەم وەڵامدانەوەیە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ڕەفتاری لوتبەرزانەی ڕژێمی ئێرانییە کە بەئاشکرا هەوڵیدا دەست بەسەر ژینگەی سیاسیی هەردوو وڵاتدا بگرێت. لەڕێی حیزبوڵڵاوە هەوڵیداوە ئەوە لە لوبناندا بکات، کە لە ڕووی دارایی و سەربازیشەوە پشت بە ئێران دەبەستێت. ئێستا لە لوبناندا حیزبوڵڵا بووەتە هێزێکی سیاسیی بەهێز، بەهۆی بنەما بەهێزەکانی و سەکردە کاریزماکەی، حەسەن نەسروڵڵا و بەتوانایی لە هەڵخەڵەتاندنی لایەنە سیاسییەکانی لوبنان. سەرۆکە مەسیحییەکەی لوبنان، میشێل عەون، هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە و بە پشتگیریی حزبوڵڵا لەو پێگەیەدا ماوەتەوە. سەرۆکوەزیرانە سوننەکەشی، سەعد حەریری، وێڕای پاڵپشتیی حیزبوڵڵا، ناچارکراوە دەست لەکار بکێشێتەوە. داواکاریی بۆ دەستلەکارکێشانەی سەرۆک عەون، تەوژمێکی لە دوای خۆیەوە کۆکردووەتەوە. ئەگەر حیزبوڵڵا لە ناو پێکهاتەکانی شیعەدا متمانە لەدەست بدات، وەک ئەوەی ئێستا وا دیارە، ئەوکات ئێران کاریگەرییەکانی لە لوبنان لەدەست دەدات، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و پشتگیریکردنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، زۆر گرنگە.

 

لە شەڕی خوێناویی نێوان عێراق و ئێرانەوە لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨، ئێران زۆر بەگرنگییەوە دەڕوانێتە عێراق، ئەویش بەهۆی ئاسایشەکەیەوە. بوونی ڕژێمێک کە بتوانرێت چاودێری بکرێت، لە بەغداد گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی شەڕێکی هەشت ساڵە کە بووە هۆی مردنی ملیۆنێک ئێرانی. تاران هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە کۆمەڵەیەکی پارێزەری سەر بە میلیشیای شیعەن و لە سەرەتادا بۆ شەڕی دژی داعش دروستبوون، و سەرکردە و حزبە سیاسییە جیاوازەکانی شیعەی بەکارهێناوە، کە پەیوەندییەکی درێژخایەنیان لەگەڵ ئێران هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی سەددام، بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی سیاسیی عێراق. تەنانەت دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی بەهۆی پشتگیریی ئێرانەوە بوون.

 

ئەم ستراتیجە ئاشکرایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی سیاسیی عێراق و هەروەها پشتبەستنی ئابووریی عێراق، بەتایبەتی شیعەکانی باشوور، بە ئێران لە ناوچە بازرگانی و حەجی ئایینی و پرۆژە گەشەسەندووەکان، بێزاری و ناڕەزاییەکی زۆری لە عێراق دروستکردووە؛ وا دیارە لە کۆتاییدا تەقیوەتەوە. خۆپیشاندەرە مەزهەبییەکانی شیعە و سوننە، بە گۆرانی و هاوارەوە دروشمیان دژی ئێران وتووە و داوای سەربەخۆیی عێراقییان کردووە لە کاریگەرییەکانی ئێران. هەندێک لە گەورەترین و مەترسیدارترین خۆپیشاندانەکان دژی حکوومەتی عێراقی ژێر دەسەڵاتی شیعە و دژی ئێران، لەو شار و شارۆچکانەی باشووری عێراق ڕوویاندا کە زۆرینەیان شیعەن. ئەمە ئاماژە بە وەرسووڕانێکی گرنگ دەدات. خۆپیشاندەرە شیعەکان هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە شاری کەربەلا و ئاڵای ئێرانیان داگرت و دڕاندیان پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانەوە بڵاوەیان پێبکرێت و چەند کوژراوێکی لێبکەوێتەوە.

 

ئەم خۆپیشاندانانە وای لە ڕابەری باڵای ئێران، خامنەیی کردووە کە سەرکۆنەی “لایەنە بیانییەکان” بکات لەهەمبەر سەرهەڵدانی ئەم خۆپیشاندانانە. تاران خاوەنی چەندین ئامڕازە کە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانە ڕادیکاڵییەکان لە عێراق، لەگەڵیشیدا میلیشیای شیعە کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ڕاهێنانیان پێکراوە. ڕۆیشتنی ئەم میلیشیایانە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کاریگەریی خراپی کردە سەر پشتگیریی عێراق بۆ ئێران. ئەوە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان حەشدی شەعبی و هێزە نوێیەکانی گەل، هەروەها بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزی گەل لەلایەن قەناسبەدەستەکانی حەشدی شەعبییەوە. بەکارهێنانی هێز، زیانی زیاتری بە ناوبانگی ئێران گەیاند، وەک لە دانیشتووانی عێراق و پێکهاتەی شیعە.

 

زیادبوونی ناڕەزاییەکانی دژی ئێران لە لوبنان و عێراق، کە هەردووکیان بۆ تاران گرنگن، ئەوە دەردەخات کە چیتر هێندە ئاسان نییە بۆ ئێران کاریگەرییە سیاسی و سەربازییەکانی لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست گەشە پێبدات و تەنانەت بشیهێڵێتەوە. پەیوەندییە دوولایەنییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و تورکیا و بەردەوامیی ئیسرائیل لە بەئامانجکردنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانانی ئێران، تاران تووشی بژاردەی قورس دەکاتەوە لە سووریا. زیادبوونی ناڕەزاییەکانی ناوەوە و پشێوی و نائارامی ناوچەکە بوونەتە بارگرانی لەسەر قازانجی دەوڵەتی ئێران و بە دیاریکراویش، لەسەر شەرعیەتی یاسایی ڕژێمی مەلایی کە حوکمی تاران دەکات، کە ماوەیەکی زۆرە تووشی نەهاتووە. ئەگەر بەردەوام بم، ئەم ئاڕاستانە دەکرێت ئاماژە بە گۆڕانێکی گرنگ بدەن لە هاوسەنگی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ئاستی زیانگەیاندن بە پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا.

بابەتی پێشتر

لە سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەیدا بۆ عێراق؛ پێنس پێشنیازی پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ کورد کردووە

بابەتی دواتر

چۆن لە ماڵەوە خۆت فێری زمانێک بکەیت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share