ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات؟

چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ دروستبوونی ناوەندەکە هەوڵێک هەبوو بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ماف و داواکارییەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی مەرج و داواکارییەکانی هەردوولا، بەڵام ئەم هەوڵە بەکوێ گەیشت؟

ناوەندەکە لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، “كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی كوردستان‌ و  كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” پێکهاتبوو.

ئارام مودەڕیسی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە حزبەکەیان ئەندامە لە ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەسەرەتای دروستبوونی ناوەندەکەوە هەوڵدرا بە نێوەندگیریی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی یان وڵاتێکی بەهێز ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دابنیشین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”.

لەسەرەتای دروسبوونی ناوەندەکە حزبێک ناوەندەکەی جێهێشت
لەسەرەتای دروستبوونی ناوەندەکە بۆچوونی جیاواز وایکرد ئەندامێکی هەماهەنگییەکە بەناوی سازمانی خەباتی کوردستان بکشێتەوە، ئەوان تێبینییان ئەوە بوو کە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا دانیشتن بکرێت، بەڵکو دەبێت کار لەسەر ڕوخاندنی بکرێت و دواتر بەدیلی حکومڕانی دروستبکرێت.

ئەندامەکانی دیکەی ناوەندەکە بۆچوونیان لەسەر ئەم پرسە جیاوازتر بوو دەیان وت حزبەکانی ڕۆژهەڵات نابێت وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئێرانی دیکە وەک موجاهیدینی خەڵق بیربکاتەوە، چونکە ئەوان تەنها هەڵگری دروشمی ئۆپۆزسیۆنین و حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەرکێکی قورستریان لەسەر شانە کە گەلەکەیانە، چونکە کورد ئێستا لە ژێر حوکمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەژی و ناکرێت بێ خەمانە وەک گروپێکی ئۆپۆزسیۆن کە هیچی لە ئێراندا جێنەهێشتووە مامەڵە بکرێت.

حزبەکان چۆن ئامادەکارییان کردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران؟
ئارام مودەریسی، بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشکرایدەکات، “ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بە پاکێجی جیا جیا قۆناغەکانی گفتوگۆ و داواکاری و قۆناغی دوای حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی داڕشتووەتەوە”.

دەشڵێت، “بە ڕوونی دیارە کە حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەیان داواکارییان هەیە لە کۆماری ئیسلامی لەوانە ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی و نەگرتن و زیندانی نەکردنی کەسێک کە تەنها هاوسۆزە لەگەڵ یەکێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات”.

ئامادەکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی کارگێڕی و سەربازییەوە کراوە بە چەند قۆناغێک و بۆ هەر قۆناغ و پێشهاتێک پلانی یەک و دوو ئامادەکراوە.

حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی یەکەمدا دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران نییەت پاکیی خۆی نیشان بدات لەسەر ئەوەی جدییە لە کۆبوونەوە و کوشتنی کات نییە.

ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە چ میکانزمێک گفتوگۆ دەکەن؟
ئارام مودەڕیسی ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاشکرایدەکات، “ئەگەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێران کۆببنەوە هەموو ئەگەرێک دەخەنە پێشچاوی خۆیان، چونکە کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە گفتوگۆکانیشدا دەست دەوەشێنێت و ئەزمونی چەندین ساڵمان لەگەڵ تاوانەکانی ئەو کۆمارەدا هەیە، بۆیە ناکرێت هەروا ئاسان بەبێ چاودێری قورسی نێودەوڵەتی لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی کۆببینەوە”.

حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەیانەوێت بە نێوەندگیریی دەوڵەتێک یان ڕێکخراوێکی گەورەی جیهانی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەستپێبکەوە، لەکاتی گفتوگۆکانیشدا چەندین مەرج و داوکارییان هەیە کە لەکاتی جێبەجێکردنی دەتوانرێت وەک نیازپاکییەک لە حکومەتی ئێران وەربگیرێت.

سەرەڕای ئامادەکارییەکان و نێوەندگیریی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، گفتوگۆی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامی ئێران نەگەیشتە قۆناغی دانوستان و خوێندنەوەی مەرجەکان بۆ یەکدی.


هەماهەنگیی سەربازیی ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات
ئەندامەكەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوەی ئاشکراکرد، “لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کۆبوونەوەکان لەبارەی سەربازییەوە نەبووە، بەڵام لە دوو کۆبونەوەی کۆتاییدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە کراوە بۆ نموونە هەموو ئەندامانی ناوەندەکە گەڵاڵەی سەربازییان هەیە و لە ناوەند لەسەری قسەی کردووە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند، حزبەکان قۆناغی سەربازییان بە چەند قۆناغێک دابەشکردووە و ئەرک و مافی لایەنی چەکداریی حزبەکانی تێدا دیاریکراوە، کە ئێستا ئەرکیان چییە و لەکاتی چونەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکیان چی دەبێت و دواتریش دوای کۆتایی حوکمی کۆماری ئیسلامی چۆن مامەڵە دەکرێت.

بەهۆی پاراستنی نهێنی سەربازی و پلانە سەربازییەکانی حزبەکان، هیچ ئەندامێکی حزبی ئامادەنەبوو لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا قسە بکات.

بابەتی پێشتر

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە هەشت کۆچبەر خنکان

بابەتی دواتر

سلێمانی.. سێ تۆمەتبار هاوڵاتییەک دەبەنە باخێک لە مێرگەپان و برینداری دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share