چین ڕێگە بە خێزانەكانی وڵاتەكەی دەدات تا سێ منداڵ بخەنەوە، ئەمەش گۆڕانكارییەكی گەورەیە كە پێشتر تەنها ڕێگە بە دوو منداڵ دەدرا، دوای ئەو ئامارانەی پێشوو كە ئاماژەن بۆ دابەزینێكی بەرچاوی تازەلەدایكبووان لە گەورەترین وڵاتانی جیهان لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە.
لە ساڵی 2016دا پەككین سیاسەتی تەنها یەك منداڵی ڕەتكردەوە، لە هەوڵێكدا بۆ خۆدوورخستنەوە لەو مەترسییانەی ڕوبەڕووی ئابورییەكەی دەبێتەوە بەهۆی پیربوونی خێرای دانیشتووان.
بەڵام بڕیارەكەی ئەوكات نەبووە هۆی زیادبوونی ژمارەی لەدایكبووان بەهۆی بەرزی تێچووی پەروەردەی منداڵ لە شارە چینییەكاندا “ئەمەش ئەو ئاستەنگەیە كە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە”، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
ئاژانسی هەواڵی چینی (شینخوا)ی فەرمی لەپاش كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی چینی بە سەرۆكایەتی شی جین بینگ-ی سەرۆك ڕایگەیاند، گۆڕینی سیاسەتەكە هاوكاتە لەگەڵ ڕێوشوێنەكانی پشتیوانیكردنی باشكردنی هەیكەلی دانیشتووانی وڵات و، هێنانەدی ستراتیژی وڵات لە مامەڵەكردن لەگەڵ پیربوونی دانیشتووان.
لەنێو ڕێوشوێنەكاندا هەریەك لە، دابەزاندنی تێچووی خوێندنی خێزانەكان، باج و پشتیوانیی دانیشتووان، زامنكردنی بەرژەوەندییە یاساییەكانی ژنی ئیشكەر و چەندین كارئاسانی دیكە لەخۆدەگرێت، وەك ئەوەی ئاژانسەكە ئاماژەی پێداوە.
ئامارە نوێیەكان دەریدەخات كە ڕێژەی پیتاندن لە چین گەیشتووتە 1.3 منداڵ بۆ هەر ژنێك لە ساڵی 2020دا، ئەمەش هەمان ڕێڕەوی كۆمەڵگا بەتەمەنەكانە وەك ژاپۆن و ئیتاڵیا.
لەكاتێكی پێشتری ئەم مانگەدا، ئامارێك كە هەر دە ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت دەریدەخات كە ژمارەی دانیشتووان لە چین لە دەیەی ڕابردوودا بەڕێژەیەكی كەم زیادیكردووە و گەیشتووەتە 1.41 ملیار، ئەمەش مەترسییەكانی لە وڵات دەربارەی چوونە تەمەنەوە زیادكردووە بەر لەوەی ببێتە وڵاتێكی دەوڵەمەند.
شوانج دینج گەورەی شارەزایانی ئابوری لە ستاندەرد چارترد لە هۆنگ كۆنگ وتی، بێگومان هەنگاوێكە بە ئاراستەی دروست، بەڵام تاڕادەیەك شەرمنانەیە.
وتیشی، “دەبوو سیاسەتی ئازادی تەواوی منداڵ خستنەوە لانیكەم پێنج ساڵ پێشتر بڕیاری لەسەر بدرایە، بەڵام كاتەكە لەدەستچوو”.
س: ئەلحوڕە