ڕۆژی جیهانیی (نا بۆ توتن)
توتن هۆکاری سەرەکیی نەخۆشی، مردن و هەژاری

بەکارهێنانی توتن بەسەرجەم شێوازەکانیەوە، یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ سەر تەندروستیی گشتی لە جیهاندا، ساڵانە 8 ملیۆن کەس بەهۆی بەکارهێنانە جیاوازەكانی توتنەوە، گیانلەدەستدەدەن، 1.2 ملیۆنیان ئەوانەن کە بەرکەوتەی ئەو كەسانەن توتن بەکاردەهێنن.

ئەمڕۆ 31/5، ڕۆژی جیهانیی “نا بۆ توتن” بوو، كە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانە جیاوازەكانی توتن.

بەپێی ئامارەكانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لەجیهاندا 7 ملیۆن کەس بەهۆی ڕاستەوخۆ بەکارهێنانی توتنەوە گیانلەدەستدەدەن، هەروەها 1.2 ملیۆنیان ئەوانەن بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ کەسانی بەکارهێنەر.

سەرجەم جۆرەکانی توتن مەترسین بۆسەر تەندروستی و هیچ جۆرێکیان پارێزراو نین، جگەرەکێشان باوترین جۆری بەکارهێنانی توتنە لەسەر ئاستی جیهان بەهەموو شێوازەکانی، وەک جگەرەی کوبی (چروت)، نێرگەلە و سەرجەم جۆرەکانی دیکەی جگەرە.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسلەوەدەکات، بەکارهێنانی توتن بەهەرجۆرێکی بێت، زیانی گەورە بە تەندروستی دەگەیەنێت و هۆکاری توشبوونە بە شێرپەنجە، بەتایبەت مەترسییەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی بەشە جیاوازەكانی سەر و مل، (قوڕگ، لوت، ناودەم و لێو).

زیاتر لە %80ی ئەوانەی توتن بەکاردەهێنن بە شێوازە جیاوازەكانیەوە، کە ژمارەیان لە جیهاندا 1.3 ملیار بەکارهێنەرە، لەو وڵاتانەن کە ئاستی داهاتیان نزم یان مامناوەندە، هەروەها نەخۆشکەوتن و مردن تێیاندا لە ئاستێکی بەرزدایە.

ئەوانەی توتن بەکاردەهێنن، لەکاتی نەخۆشکەوتنیان، پێویستیان بە تێچووی دارایی و چاودێریی تەندروستیی زیاتر هەیە، هەروەها سەرمایەیەکی زۆری مرۆیی بەهۆی زۆر بەکارهێنانی توتنەوە لەناودەچێت.

لە هەندێک لە وڵاتاندا، منداڵان لە خێزانە هەژارەکاندا بۆ زیادکردنی داهاتی ڕۆژانەی خێزانەکەیان، لە کێڵگەکانی چاندنی توتندا کاردەکەن.

چاودێریکردنی مامەڵەکردن بە توتن و بەکارهێنانی، هەروەها دانانی باج، باشترین ڕێگایە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی توتن، لە هەر سێ وڵاتێک لە جیهاندا، تەنها یەکێکیان چاودێریی مامەڵەکردن بە توتن دەکەن، کە دەکاتە %38ی چاودێریکردنی دانیشتوانی جیهان.

توێژینەوەیەك سەبارەت بەکارهێنەرانی توتن لە جیهاندا ئاشکرایدەکەن، %89ی ئەوانەی لەجیهاندا توتن بەکاردەهێنن و ئالودەی بەکارهێنانین، ئەو گەنجانەن کە تەمەنیان لە دەوروبەری 25 ساڵیدایە.

بەپێی توێژینەوەکە، كە 204 وڵاتی جیهان تێیدا بەشداربووە، زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتانە هیچ بەرەوپێشچوونێکیان نەبووە لە هەنگاوەکانی ڕێگریکردن بۆ کەمکردنەوەی جگەرەکێشان لەناو ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵیدان.

نزیکەی نیوەی منداڵانی جیهان هەوایەکی پیسبوو بە دوکەڵی توتن لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵدەمژن، ساڵانەش 65 هەزار منداڵ بەهۆی توشبوون بەو نەخۆشییانەی توتن هۆکارین، گیانلەدەستدەدەن.

ئەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی توتنیان تێدایە
بەپێی ئامارەكانی تەندروستیی جیهانی، یەکەمین وڵات لەسەر ئاستی جیهان، کە زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی توتنی تێدایە دوورگەی کیریباتی-یە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا، کە دوو لەسەر سێ پیاوان و سێیەکی ژنانیان توتن بەشێوازی جیاواز بەکاردەهێنن، کەدەکاتە %47.4ی دانیشتوانەکەی.

وڵاتی مۆنتینیگرۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەرزترین ئاستی جگەرەکێشانی هەیە لە ئەوروپادا بەڕێژەی %46، ژمارەی دانیشتووانەکەی 633 هەزار کەسە و تێکڕای جگەرەکێشان تێیدا لەساڵێکدا بۆ هەر کەسێک، چوار هەزار و 124 جگەرەیە بە هەموو جۆرەکانیەوە.

یۆنان پلەی سێیەمی گرتووە لەو وڵاتانەی زۆرترین توتن بەکاردەهێنن لە جیهاندا، زیاتر لە نیوەی پیاوان و %35ی ژنانیان توتن بەکاردەهێنن.

تەیموری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، چوارەم وڵاتی جیهانە لە بەرزیی ئاستی بەکارهێنانی توتن، کە ڕێژەی %80ی پیاوان و تەنها %6ی ژنانیان توتن بەکاردەهێنن.
ڕوسیا پێنجەم وڵاتی جیهانە لە بەکارهێنانی توتندا، %60 پیاوان و %23ی ژنانیان بەکاریدەهێنن.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەسیوپیا، نەیجیریا و غانا کەمترین ڕێژەی بەکارهێنەری توتنیان تێدایە کە %14ی دانیشتوانەکانیانە، هەر سێ وڵاتەكەش لە كیشوەری ئەفریقان.

ڕێکخراوەکە تێکڕای ڕێژەی دیاریکراوی بەکارهێنانی توتنی لەجیهاندا دیاریکردووە کە %22ــوە.

مێژووی کێشانی توتن
هۆزی مایا یەکەمین ئەو کەسانەن کە توتنیان بۆ کێشان بەکارهێناوە، هەروەها هیندییە سوورەکان لە باکووری ئەمریکا لە بۆنە ئاینییەکاندا توتنیان بەکارهێناوە، بەڵام لە سەدەی 15ی زانینیدا کریستۆفەر کۆڵۆمبۆسی گەڕیدە، لە هۆزی ئاراواکس-ی هیندییە سوورەكانەوە کێشانی توتنی لەڕێگەی لولەیەکی درێژەوە دۆزییەوە، کە پێیاندەوت (Tobago)، هەرئەوەش هۆکاری ئەوەیە ئێستا بە توتن دەوترێت (tobacco)، هەروەها لەساڵی 1559 دەریاوانێکی فەڕەنسی بەناوی نیکۆت، توتنی بەمەبەستی کێشان گەیاندە ئەوروپا و هەر بەو هۆیەشەوە ئێستا بەو ماددەیەی لە دروستكردنی جگەرەدا بەكاردەهێنرێت، دەوترێت نیکۆتین، لە 1881دا کێشانی توتن بەتەواوی لە ئەوروپا بڵاوبووەوە، دواتر و لە سەدەی بیستەمدا کێشانی توتن لەڕێگەی وڵاتانی داگیرکەرەوە، گەیەنرایە وڵاتانی ئیسلامی.

بابەتی پێشتر

بۆچی ڕیاڵی بەجێهێشت؟ زێدان کۆتا پەیامی ئاڕاستەی مەدریدێستا کرد

بابەتی دواتر

چین بڕیارێكی مێژوویی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share