(90) خولەک بۆ ڕزگارکردنی سیمیۆنی و گەیشتن بە نازناوی 31

هەوادارانی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو دەکەن، لەو ڕۆژەدا دیێگۆ سیمیۆنی دەتوانێت نازناوێکی دیکەی لالیگا بخاتە هەگبەی دەستکەوتەکانییەوە.

ئەتلەتیکۆ مەدریدی یەکەمی ڕیزبەندی بە 83 خاڵەوە ڕوبەڕووی بەلەد وەلید دەبێتەوە، ئەو یانەیەی ڕۆناڵدۆی دیاردە خاوەنداریەتی دەکات و بە 31 خاڵەوە کەوتووەتە پلەی 18ی لالیگاوە.

بردنەوەی ئەتلەتیکۆ ڕاستەوخۆ نازناوی وەرزی 2020/2021یان پێدەبەخشێت، تەنانەت لە حاڵەتی شکستی یانەی ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر ژێرئاوگەڕەکانی ڤیاریاڵ، هندییە سوورەکانی مەدرید بەهەر ئەنجامێک دەبن بە پاڵەوان.

بە ژمارە نازناوەکە بۆ ئەتلەتییە

شارەزایانی تۆپی پێی ئیسپانیا پێیانوایە نازناوی لالیگا بۆ کوڕانی دیێگۆ سیمیۆنی مسۆگەرە، چونکە ڕکابەری داهاتوویان کە بەلەد وەلیدە، هەرگیز توانای ڕاگرتنەوەی تەوژمی سوارێز و هاوەڵانیان نییە.

ئەتلەتی لەم وەرزەدا لەکۆی 37 یاری 25 بردنەوە، هەشت یەکسانبوون و چوار دۆڕاندنی هەبووە، 65 گۆڵیان تۆمارکردووە و تەنها 24 گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە.

لەبەرامبەردا بەلەد وەلید لە 37 یاریدا تەنها پێنج بردنەوە و 16 یەکسانبوون و 16 دۆڕاندنیان هەبووە، هاوشانی یانەی ئیڵچی خاوەنی لاوازترین هێڵی بەرگریبوون و 55 گۆڵیان لەسەر تۆمارکردووە، وەک لاوازترین هێڵی هێرشبەری لەپاڵ یانەکانی ئیڵچی و ئیبار دەرکەوتوون و تەنها 33 گۆڵیان تۆمارکردووە.

فریادڕەسی سیمیۆنی

وەرزی ڕابردوو ئەتلەتیکۆ لە نیوەی وەرزەوە دواکەوت و توانای کێبڕکێکردنی ڕیاڵ و بارسای نەما، ئەوەش دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری دووچاری ڕەخنەی خنکێنەر کردەوە.

شارەزایان پێیانوابوو ڕاهێنەرە ئەرجەنتینیەکە لە دوای 2018وە کۆتاییهاتووە و چیتر توانای نەماوە گۆڕانکاری لە یانەکەیدا دروستبکات، تەنانەت باس لەوەدەکرا لە ئەگەری شکستی وەرزی 2020/2021دا لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.

بردنەوەی شەممەی داهاتوو بەرامبەر بەلەد وەلید، سەرەڕای ئەوەی دیارییەکی گەورە و دەستکەوتێکی ناوازەیە، لەهەمان کاتدا ملی سیمیۆنی لە ڕەخنە تیژەکانی هاندەران و شارەزایان و میدیاکانی ئیسپانیا ڕزگاردەکات.

30 بۆ 31

بەدرێژایی مێژوو، یانەی ڕۆخی بلانکۆس 30 نازناوی ناوخۆیی و ئەوروپی بەدەستهێناوە.

10 لالیگا، 10 جامی شای ئیسپانیا، دوو جامی سوپەر، سێ یوروپا لیگ، سێ سوپەری ئەوروپا، یەک جامی جامەکانی ئەوروپا، یەک جامی ئینتەرکۆنتێنتاڵ.

سیمیۆنی وەک یاریزان بە درێسی ئاتلەتییەوە (1994-1997) دوو نازناوی بەدەستهێناوە، بەڵام لە سەردەمی دووەمیدا وەک ڕاهێنەر لە (2011-2021) حەوت نازناوی بۆ یانەکە چنیوەتەوە.

بابەتی پێشتر

مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامن لە ناڕەزایەتی و بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن

بابەتی دواتر

كازمی گۆڕانكاری لە پێنج وەزیری كابینەكەی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share