كازمی گۆڕانكاری لە پێنج وەزیری كابینەكەی دەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە گۆڕانكاری لە كابینەی حكومەتەكەیدا بكات و ژمارەیەك وەزیر بگۆڕێت، پەرلەمانتارێكیش ناوی وەزارەتەكان ئاشكرادەكات.

ڕەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی ڕایگەیاند، گۆڕانكارییەكان كوتلەی سائیرون پێشنیازیكردووە و مستەفا كازمی پشتیوانیی كردوە و دەیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاشكراشیكردووە، كازمی داوای گۆڕانكارییەكان لە دانیشتنی داهاتوودا پەرلەمان دەنێرێتە پەرلەمان، بەمەبەستی گۆڕانكاریكردن لەو وەزارەتانە.

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی ڕەوتی حیكمە، ئەو وەزارەتانەی كازمی بڕیاری گۆڕینی داون، بریتین لە وەزارەتەکانی دارایی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و تەندروستی.

عەبودی جەختیشی لەوەکردەوە، “ئەو گۆڕانكارییە وزارییانە پێویستیان بەچەند دانیشتنێک دەبێت، بەڵام لە دانیشتنی یەکەمدا ناوی وەزیرەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ و پیشەسازی دەخرێنە دەنگدانەوە، هەردوو وەزیری دارایی و بازرگانیش لە دانیشتنەكانی دواتردا”.

ئەو ئەندامەی ڕەوتی حیکمە ڕاشیگەیاندووە، “لەنێو هێزە سیاسییەکاندا بۆچوونی جیاواز لەسەر دەستنیشانکردنی وادەی دانیشتن بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕینی ئەو پێنج وەزارەتە هەیە، چونكە بەشێكیان دەیانەوێت، پێش گۆڕینی وەزیری دارایی، لە پەرلەمانەوە متمانەی لێوەرگیرێتەوە”.

بابەتی پێشتر

(90) خولەک بۆ ڕزگارکردنی سیمیۆنی و گەیشتن بە نازناوی 31

بابەتی دواتر

سەلەفییەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. بۆمبی تەوقیتکراو یان داردەستی دەسەڵات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share