میگێل گوتیرێز کێیە؟ مەعشوقی زێدانە و لە پێکهاتەی ڕیاڵ مەدرید ناونوسکرا

یانەی ڕیاڵ مەدرید ئەمڕۆ، یەک شەممە لە شاری بەرشلۆنە ڕووبەڕوی یانەی ئیسپانیۆل دەبێتەوە و زینەدین زێدان یەکێک لە گەوهەرەکانی کاستیای لە پێکهاتەکانیدا ناونوسکردووە.

لەکاتێکدا فێرلاند مێندی بەهۆی کەڵەکەبوونی کاردە زەردەکان و ناچۆ فێرناندێز بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری ڕووبەڕوبونەوەی هەفتەی (٣٢)ی لالیگا بەرانبەر ئیسپانیۆل بکەن، زێدان بڕیاردەدات میگێل گوتیرێزی بەهرەمەندی پێکهاتەی لاوان بانگهێشت بکات.

گوتیرێز یەکێکە لە باشترین بەرگریکاری پێکهاتەی لاوانی ڕیاڵ و زێدان ئاشقی تواناکانییەتی، بەهرەی یاریکردنی ناوازەیە و لەهەرسێ پێگەی باڵی بەرگری و هێرشبەری و سەنتەری بەرگری دەتوانێت یارییبکات.

گەشتی سەرکەوتن

گوتیرێز لەتەمەنی پێنج ساڵی (ساڵی ٢٠٠٦) پەیوەندی بە تیپەکانی منداڵانی یانەی خیتافێوە کردووە، کاتیک تەمەنی دەبێتە (١٠) ساڵ (ساڵی ٢٠١١) پەیوەندی بە پێکهاتەکانی لاوانی شاهانەوە دەکات و بەخێرایی دەبێتە یەکێک لە باشترینەکان.

ناوبراو بە شایستەیی و بەشێوەیەکی هەرەمی لەکەمەوە بۆ زۆر هەنگاو دەنێت و تا دێت هەنگاوەکانی فراوانتر دەبن، لە هاوینی ٢٠١٩ لەلایەن زینەدین زێدانەوە بانگهێشتی پێکهاتەی یەکەم دەکرێت بۆ ئامادەکارییەکانی هاوینە لە ئەمریکا.

خەونەکە بوو بە ڕاست

لە (٢٧)ی تەموزی ٢٠١٩ بەهرەدارەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کاتێک لەلایەن زێدانەوە بۆ ئامادەکارییەکانی هاوینە لە ئەمریکا بانگهێشتکرا.

بەم بانگهێشتکردنە، گوتیرێز بووە یەکەمین و تاکە یاریزانی پێکهاتەکانی لاوانی ڕیاڵ لەسەدەی (٢١) بانگهێشتی پێکهاتەی یەکەم دەکرێت، ئەوەش دەریدەخات لە چ ئاست و توانایەکدایە لەکاتێکدا زۆرینەی گەورەکانی ئێستا لە نمونەی کارڤاخال و ناچۆ نەیانتوانیوە ئەو دەستکەوتە تۆماربکەن.

شارەزایان و ڕاهێنەرانی لاوانی مێرەنگی شێوە یاریکردنی بە مارسێلۆ و مێندی بەراورد دەکەن، تەنانەت لەدوای فرۆشتنی سێرجی ڕیگیلۆن بەشێوازی خواستن پێیان وایە، چانسی پێدەدرێت و تواناکانیشی دەسەلمێنێت.

گوتیرێز هاوینی ٢٠١٩ جامی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدرێسی لاوانی خوار تەمەنی (١٩) ساڵی ئیسپانییەوە بەدەستهێنا، دوای گەڕانەوەی لە ئەرمینیا ڕاستەوخۆ بۆ ئامادەکارییەکان پەیوەندی بە پێکهاتەی یەکەمی ڕیاڵەوە کرد.

بۆ یەکەمجار لە (٣١)ی تەموز لە یاریگای ئالیانز ئیارینا لەیارییەکی دۆستانە بەرانبەر فەنارباخچە بەشداری پێکرا.

لەبارەیەوە دانیال گۆردۆی ڕاهێنەری لاوانی ئیسپانیا دەڵێت، ” یاریزانێکە خەونی گەورەی هەیە و بۆ خەونەکانی تەماعکارە، بەنسبەت منەوە باڵێکی بەرگری چەپی ناوازەیە و گونجاوە بۆ یانەیەکی وەک ڕیاڵ مەدرید، خاوەنی کەسایەتی بەهێزە و داهاتووی پرشنگدارە”.

هەلی تەمەن

بەهۆی دوورکەوتنەوەی فێرلاند مێندی و ناچۆ فێرناندێزەوە گوتیرێز چانسێکی کەمی هەیە بەرانبەر ئیسپانیۆل بەشداری بکات، ئەوەش خەونی گەورەی یاریزانەکەیە.

گوتیرێز کاپیتانۆی پێکهاتەی “Juvenil A” ڕیاڵ مەدرید بووە و لە خولەکانی خوارتر یارییکردووە و ئەزمونێکی کەمی بەرانبەر یانە ئیسپانییەکان کۆکردووەتەوە.

ئیدارەی یانەی شاهانە بەهەمان شێوە متمانەیان بە ئەستێرە هەڵکشاوەکەی لافابریکایە، بۆیە هاوینی ڕابردوو بۆندەکەیان تا هاوینی ٢٠٢٤ نوێکردەوە و موچەی زیاتریان بۆ تەرخانکرد، هەروەها نرخی شکاندنی بۆندەکەشیان بەرزکردەوە تا یانە گەورەکانی دیکە خواست بەرانبەر کڕینی نیشان نەدەن.

بابەتی پێشتر

(١٠) زۆرانباز لەمێژووی (WWE) زۆرترین موچە و داهاتیان بەدەستهێناوە

بابەتی دواتر

میکایل جۆنسن، ئەو لاوەی لە جێرارد و بالاک باشتربوو و لە (٢٤) ساڵیدا وازیهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share