فیفا چی پێدەکرێت؟ یانەکان ڕێگری لە یاریزانە نێودەڵەتییەکان دەکەن

بەهۆی ڕێگریکردن لە یاریزانە نێودەڵەتییەکان، مشتومڕێکی بەهێز لەنێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و یانەکانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا دروستبووە.

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا 20 یانەی ئینگلیزی بە پاڵپشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا ڕەتیانکردووەتەوە ڕێگە بە یاریزانەکانیان بدەن بەشداری چالاکییە نێودەوڵەتییەکان بکەن، واتا ڕێگرییان لێدەکەن لە گەڕانەوە و یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان.

لەسەر ڕۆشنایی بڕیاری یانە ئینگلیزییەکان، یانەکانی ئیسپانیا هەمان بڕیاریانداوە و بەئەگەرێکی زۆرەوە یانەکانی ئیتاڵیاش بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن.

هۆکاری بڕیاری یانەکانی ئینگلتەرا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە حکومەتی بەریتانیا 26 وڵاتی بە ناوچەی سووری کۆرۆنا لەقەڵەمداوە، لەنێوانیاندا بەرازیل و ئەرجەنتین و میسڕ، کۆی ئەو یاریزانانەش کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتانە 60 یاریزانن لە 19 یانەی ئینگلتەرا یاریدەکەن.

ئەگەر بێتو ڕێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە نێودەوڵەتییەکان، دوای گەڕانەوەیان بۆ بەریتانیا 10 ڕۆژ کەرەنتیندەکرێن و لە چالاکییەکان دادەبڕێن.

وەڵامی فیفا توندبوو

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان “فیفا” بەخێرایی هاتەسەرهێڵ، بەشێوەی یاسایی نووسراوی ئاڕاستەی فیدراسیۆنەکانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا و فیدراسیۆنەکانی دیکەش کردووە، داوایانلێدەکات ڕێگری لە یاریزانە نێودەوڵەتییەکانیان نەکەن.

دووپاتیشیانکردووەتەوە، یاریزانان تەنها لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا بە یاسا ڕێگەدراوە لەلایەن یانەکانیانەوە ڕێگرییان لێبکڕیت، بۆ نموونە: ئەگەر چالاکییە نێودەوڵەتییەکان کەوتبێتە هەمان کات و وادەی بەڕێوەچوونی چالاکییە فەرمییەکان لە خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا.

نووسراوەکەی فیفا دەست ڕۆژنامەی “ئۆلێ”ی ئەرجەنتینی کەتووە، تیایدا هەڕەشە لە یانەکانی ئینگلتەرا کراوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونیان لەسەر هەڵوێستەکانیان، سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام جۆری سزاکان ئاشکرانەکراوە.

کاڤانی پاڵپشتی فیفایە

ئیدینسۆن کاڤانی ئورۆگوایی ئەستێرەی یانەی مانچستەر یونایتد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆپییەکی بڕیاری یانە ئینگلیزییەکانی بڵاوکردووەتەوە و نیشانەی سەرسوڕمانی لەسەر داناوە.

ئەم هەنگاوەش بەواتای ئەوەدێت، کە دژی بڕیاری یانە ئینگلیزییەکانە و دەیەوێت لە چالاکییەکانی هەڵبژاردەی ئورۆگوای بەشداریبکات، بە ئاشکراش لایەنگریی فیفا دەکات لە بڕیاری سزادانی یانەکان لە ئەگەری بەردەوامبوونی هەڵوێستەکانیاندا.

بابەتی پێشتر

نوێنەری لیڤاندۆڤیسکی لە شاری پاریسە

بابەتی دواتر

سوپای توركیا چەند گوندێكی حەسەكەی تۆپبارانكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share