دیدگای قوباد تاڵەبانی لە ململانێی ئەمریکا و ئێراندا و پاراستنی کورد

لە نێوەندی ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا، شارەزایانی سیاسی دەڵێن، وتەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی جیهانی “پیێرس مۆرگان”، گوزارشت لە ستراتیجییەکی ورد دەکەن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە لێکەوتەکانی ململانێی نێوان واشنتن و تاران.

شرۆڤەکاران، ئەم دیدگایە بۆ چەند ڕەهەندێکی سەرەکی پۆلێن دەکەن:

1- خوێندنەوەی واقیعیانە بۆ هێزی ناوچەیی

قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی کە “ئێران ئەمڕۆ لە هەموو کاتێکی دیکە یەکگرتووترە”، پەیامێکی گرنگ ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوە دەکات. ئەو هۆشداری دەدات لە هەڵەی ستراتیجیی ئەو لایەنانەی کە پێیان وابوو، ململانێکان بە خێرایی یەکلایی دەبنەوە.

ئەم ناساندنەی هێزی ئێران، نەک تەنیا وەک دانپێدانانێکی سیاسی، بەڵکو وەک بنەمایەک بۆ پاراستنی هاوسەنگی بەکاردەهێنێت؛ بەو واتایەی کە کورد نابێت ببێتە بەشێک لە هیچ بەرەیەک کە سەرکێشی بە سەقامگیریی ناوچەکەوە بکات.

2- هاندانی “ڕێککەوتنی گشتگیر” وەک جێگرەوەی شەڕ

قوباد تاڵەبانی تەنیا لەسەر ناساندنی کێشەکان ناوەستێت، بەڵکو پێشنیازی چارەسەری دیپلۆماسی دەکات. داواکردنی “فراوانکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران” و داڕشتنی “پاکێجێکی گشتگیر”، نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ئاشتیدا دەبینێتەوە. شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، ئەم جۆرە دیپلۆماسییەتە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کورد وەک لایەنێکی “ئاشتیخواز و نێوەندگیر” دەربکەوێت، نەک وەک گۆڕەپانی جەنگی وەکالەت.

3- پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دراوسێیەتی

ئاماژەدان بە بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و دەربڕینی شانازی پێوەی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا کە پێگەی ئێران لەبەرچاو دەگرێت، بایەخێکی قووڵیش بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ئەمریکا دەدات. ئەمە ئەو هاوسەنگییە نیشاندەدات، کە قوباد تاڵەبانی دەیەوێت بیپارێزێت؛ هەم وەک دۆستێکی نزیکی ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە و هەم وەک سیاسییەک کە دراوسێیەتی و پێگەی ئێران فەرامۆش ناکات.

4- جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە ئابورییە جیهانییەکان

قسەکردن لەسەر گرنگیی کردنەوەی گەرووی هورمز، تەنیا لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە سەقامگیریی بازاڕی وزە و ئابوریی جیهان؛ قوباد تاڵەبانی بەم قسانە پێگەی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی جیهان، بەو مانایەی کە هەر ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا، کاریگەریی خراپی لەسەر هەمووان دەبێت، بۆیە پێویستە ئەمریکا و ئێران ڕێگەی ڕێککەوتن بگرنەبەر.

شارەزایانی سیاسی باس لەوەدەکەن، ستراتیجی قوباد تاڵەبانی لەو چاوپێکەوتنەدا، لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی ڕاوەستاوە:

یەکەم: تێگەیشتن لە واقیعی هێزی دراوسێکان و دوورکەوتنەوە لە خەیاڵپڵاویی سیاسی.

دووەم: پێداگری لەسەر دیپلۆماسییەتی هەمەلایەنە.

بەم شێوەیە، ئەو هەوڵدەدات هەرێمی کوردستان لە جەمسەربەندییە توندەکان دووربخاتەوە و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکات لەناو گێژاوی ململانێی زلهێزەکاندا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share