گارسیا پیمێنتا کێیە؟ لە بەرشلۆنە بە گواردیۆلای نوێ ناویدەبەن

پیمێنتا، ڕاهێنەری تیپی دووەمی بەرشلۆنە چانسێکی زۆری هەیە جێگەی کومان بگرێتەوە

یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە بەناوی لویس فێرناندێز، گارسیا پیمێنتا وەک ڕاهێنەری داهاتوو پێشنیازدەکات.

ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنییەکە دەنگی تەواو بهێنێت. لویس فێرناندێز بەڵێنیداوە سیناریۆی گواردیۆلا دووبارە بکاتەوە و گارسیا پیمێنتا وەک ڕاهێنەری پێکهاتەی سەرەکی یانە دەستنیشانبکات.

پیمێنتا لە ساڵی 2006وە ڕاهێنەری پێکهاتەکانی منداڵان و لاوان و پێکهاتەی دووەمی ئازولگرانا بووە، هاوینی ڕابردوو هاوشانی ڕۆناڵد کومان پاڵێوراوبوو بۆ شوێنگرتنەوەی کیکی سیتیێن، بەڵام ئیدارەی بارتۆمیو نەیانوێرا هەنگاوی لەو چەشنە بنێن و ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکەیان دابینکرد.

بڕیارە لە 24ی کانونی دووەمی 2021 پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسا ئەنجامبدرێت، دیارترین کاندیدەکان پێکهاتوون لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی پێشوو و ڤیکتۆر فۆنت کە لەلایەن گروپی نۆنیزەوە پاڵپشتی دەکرێت.

لویس فێرناندێز هاوشانی لاپۆرتا و فۆنت یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان، سەرەڕای ئەوەی چانسی دوو ناودارەکەی دیکەی نییە، بەڵام پلانەکانی هاوشێوەی پلانە داڕێژراوەکانی سەردەمی لاپۆرتایە و زیاتر پشتئەستوورە بە ڕاهێنەران و لاوانی لاماسیا.

گارسیا پیمێنتا کێیە؟

ڕاهێنەرەکە تەمەنی 46 ساڵە و وەک یاریزان لە تیپەکانی لاوانی بەرشلۆنە یاریکردووە، لە ساڵی 2006وە وەک ڕاهێنەری لاوانی بارسا، پاشان یاریدەدەری ڕاهێنەری تیمی (B) پاشان ڕاهێنەری تیپی تازەپێگەیشتووان و لە ساڵی 2018 بووەتە ڕاهێنەری تیمی دووەمی یانە کەتەلۆنییەکە.

گارسیا پیمێنتا ، ڕاهێنەری تیپی دووەمی بەرشلۆنە

لەگەڵ پێکهاتەی لاوانی ئازولگرانا نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی بۆ وەرزی 2017/2018 بەدەستهێناوە.

پلانەکانی یاریکردن

گارسیا بەتەواوی پشتی بە پلانی 4-3-3 بەستووە، وەرزی 2019/2020 لەسەدا 80ی یارییەکانی بەم پلانە بەڕێکردووە، هەروەها پلانی دیکەی لە نمونەی 4-2-3-1 و 4-1-4-1 تاقیکردووەتەوە، نێوەندی ڕێژەی پۆزیشنی پێکهاتەکانی لەسەدا 61.16 بووە، ڕێژەی گواستنەوەی زۆر بەرزە و دەگاتە 15.99 لە خولەکێکدا بە ڕاستڕەوی لەسەدا 86.5.

شێوازی بەرشلۆنە

ڕاهێنەرە کەتەلۆنییەکە نەک شێوازی بارسا شارەزایە، بەڵکو هەرسی کردووە و چەندین ساڵە هاوشێوەی گواردیۆلا کاری لەسەردەکات، پشت بە هێرشبەری و باڵادەستی و پۆزیشن دەبەستێت، یەکێکی دیکە لەو خەسڵەتانەی کە حەزی لێیە، ئاڵوگۆڕی پێگەی یاریزانانە بەو شێوەیەی یۆهان کرۆفی ئەفسانە هەوڵیداوە لە هزری لاوانی یانەکەدا بیچەسپێنێت.

بەوپێیەی پیمێنتا وەک یاریزانێک لە پێگەی باڵەکانی هێرشبەری یاریکردووە، شارەزاییەکی تەواوی لەم پێگەیەدا هەیە و سەربەستی تەواو بە باڵەکانی هێرشبەری دەدات لە هەڵکشان و داکشانیان بە ئاڕاستەی گۆڵی ڕکابەران و گەڕانەوەیان بۆ بەرگریکردن، هەروەها بەشدارییان پێدەکات لە بونیادنانی هێرشەکاندا.

گارسیا پیمێنتا، لە مەشقەکانی لاوانی یانەی بەرشلۆنە

جیاوازی لەگەڵ گواردیۆلا چییە؟

جیاوازییەکی جەوهەری لەنێوان شێوازی یاریکردنی پیمێنتا و گواردیۆلادا هەیە، هەردوو ڕاهێنەرەکە هێرشبەرین و باوەڕیان بە گووشاری بەردەوام هەیە، بەڵام پیمێنتا هاوشێوەی “پێپ” سەرکێش نییە و لە حاڵەتەکانی لەدەستدانی تۆپدا باوەڕی بە ڕێسای (پێنج چرکە) نییە، بە خێرایی گووشار ناخاتە سەر هێڵەکانی ناوەند و بەرگری ڕکابەران بۆ گەڕاندنەوەی تۆپ، بەڵکو زیاتر دەکشێتەوە بۆ نیوەی یاریگای خۆی و پێگە بەرگرییەکان توندوتۆڵدەکاتەوە.

جێدەستی پیمێنتا

سەردەمی پیمێنتا لە یانەی بەرشلۆنە بێ دەستکەوت نەبووە، بەڵکو چەندین بەهرەی گەیاندووەتە پێکهاتەی یەکەم لە نمونەی ئانسو فاتی، ڕیکی پوج، ئابێل ڕۆیز، هەندێکیان لە پێکهاتەی سەرەکی کومان جێگیربوون و هەندێکیشیان ماڵئاواییان کردووە.

بابەتی پێشتر

لامپارد بۆ سێ یاریزانی چێڵسی: یانەی دیکە بۆخۆتان بدۆزنەوە

بابەتی دواتر

ئەمریکا ئەمڕۆ بە فەرمی سەرۆکی نوێی وڵات ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share