لە پریمەرلیگ چی ڕوودەدات؟ ئەگەر هەیە ئەم وەرزە سیناریۆی 2016 دووبارەبێتەوە

چواری تشرینی یەکەمی 2020 بۆ یانەکانی ئینگلتەرا ئاسایی نەبوو، زۆرینەی گەورەکان بە ئەنجامی فراوان بەرانبەر ڕکابەرانیان دۆڕاندنیان تۆمارکرد.

یانەی مانچستەر سیتی لە یاریگای خۆیدا بە پێنج گۆڵ بەرانبەر لیستەر سیتی دۆڕاندنی تۆمارکرد، سەرەڕای ئەوەی ماوەی 438 یارییە لە یاریگای ئیتیحاد هەرگیز بەو ئەنجامە شکستی نەهێناوە.

لەلایەکی دیکەوە یانەی لیڤەرپوڵ بە ئەنجامی حەوت گۆڵ بەرانبەر بە دوو بەرانبەر ئەستۆن ڤێلا دۆڕاندنی تۆمارکرد، بووە یەکەمین هەڵگری نازناو بەو ئەنجامە فراوانە دۆڕاندن تۆماردەکات، ئەم دیاردەیەش لە ساڵی 1953 بەرانبەر ئارسیناڵ ڕوویداوە و ماوەی 67 ساڵە ڕووینەداوەتەوە.

لە یارییەکی دیکەدا مانچستەر یونایتد لە ئۆڵدترافۆرد بەرانبەر تۆتنهام هۆتسپێرز بە ئەنجامی شەش گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک دۆڕاندنی تۆمارکرد، ئەم شکستە گەورەیەش لە ساڵی 2011وە لەسەر ئاستی یانە سوورە زەبەلاحەکە ڕووینەداوە (لە 2011 بەهەمان ئەنجام بەرانبەر مان سیتی دۆڕاندنی تۆمارکردووە).

کۆی گشتی تۆماری گۆڵ لەم هەفتەیەدا 41 گۆڵ بووە، ئەم ژمارەیەش سێ گۆڵی لە بەرزترین ڕێژەی تۆماری گۆڵ لە یەک هەفتەدا کەمترە کە مانگی ڕابردوو تۆمارکراوە.

دووبارەبوونەوەی سیناریۆی لیستەر

جەیمی کاراگێر، ئەفسانەی لیڤەرپوڵ لە شیکردنەوەکانیدا بە سکای سپۆرتی ڕاگەیاندووە، ” دەمەوێت خولی نایابی ئینگلیزی هەمیشە بەم شێوەیە بێت، کاتێک باس لە کۆکردنەوەی 95 خاڵ دەکەین لەلایەن یانەیەکەوە شتێکی نایابە، بەڵام لەهەمان کاتدا کێبڕکێکان دەکوژێت”.

بەرگریکارە ئەفسانەییەکەی ئینگلتەرا، دەڵێت، ” حەزدەکەم بگەڕێینەوە سەردەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک پاڵەوان بە جیاوازی چەند خاڵێکی کەم نازناوی وەرزی دەچنییەوە، واتای ئەوەیە گەورەکان یاری زیاتر دەدۆڕێنن و گڕوتینی خولەکە زیاتردەبێت، تەنانەت جیاوازی نێوان یانەکانی لوتکە و یانە مامناوەند و بچوکەکان کەمتر دەبێتەوە، پێموایە ئەم وەرزە جیاواز دەبێت”.

کۆرۆنا و فشاری یاریگا

بەپێی داتاکان، لە وەرزی ڕابردوو بۆ سەرەتای ئەم وەرزە، بەهۆی ئامادەنەبوونی هاندەرانەوە یانەکان باڵادەستییان لە یاریگاکانی خۆیاندا لەدەستداوە.

هەرچەندە وەرزی 2020/2021 چەند هەفتەیەکی تێپەڕاندووە، بەڵام بەراورد بە پێنج وەرزی ڕابردووی پریمەرلیگ یانەکان کەمترین بردنەوەیان لە یاریگاکانی خۆیاندا تۆمارکردووە.

شارەزایان پێیانوایە، چۆڵبوونی یاریگاکان و فریانەکەوتنی زۆرینەی یانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەرگرییەکان لەڕووی مرۆیی و تاکتیکییەوە، دەرفەتی بە یانە بچوک و ناماندووەکان داوە ئەنجامی چاوەڕواننەکراو تۆماربکەن، هەروەها مۆرکێکی ڕاهێنانی بە یارییەکان بەخشیوە و یاریزانان گۆڵی زیاتر تۆماردەکەن.

چاوەڕواننەکراو ڕوودەدات؟

کاراگێر لە شیکارییەکەیدا دەڵێت، ” ئەگەر یانەیەکی وەک ئەستۆن ڤێلا کە وەرزی ڕابردوو نزیکبوو دابەزێت بۆ خولی پلە یەک، بەرانبەر لیڤەرپوڵ حەوت گۆڵ تۆماربکات، بە دووری نازانم سوپرایزێکی گەورە لە کۆتایی وەرزدا بکات”.

بەرگریکاری پێشووی ئینگلتەرا و شرۆڤەکاری سکای سپۆرت دەڵێت، ” دەرفەت نەبوو بۆ خۆئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ، خشتەی یارییەکانیش زۆر چڕوپڕن و دەبێت کۆتاییان پێبهێنرێت، ڕاهێنەران کاتیان نەبووە کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشە بەرگرییەکانیان بکەن، ئەو کێشانەی لە وەرزەکانی ڕابردوو بۆیان دروستبووە و ئاشکرابووە لە کوێدایە”.

لێرەدا کاراگێر ئاماژە بە سوپرایزەکەی ساڵی 2016ی یانەی لیستەر سیتی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ” ڕەنگە ئەوەی لیستەر سیتی کردی لە کۆتایی ئەم وەرزەشدا دووبارە ببێتەوە و پاڵەوانێکی چاوەڕواننەکراو و نوێ ببینین، تەنانەت ئەگەر هەیە چوارینەی لوتکەش ببێتە سوپرایز، ئەگەر ئەوە ڕووبدات گەشبین دەبم و پێموایە سەرەتایەک دەبێت بۆ گەڕانەوەی تاموچێژی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو”.

یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی لەم وەرزەدا بە سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچلۆتی لە کۆی چوار ڕوبەڕوبوونەوە چوار بردنەوەی تۆمارکردووە، یانە شینەکەی لیڤەرپوڵ بەکۆکردنەوەی (16 خاڵ) تاوەکو ئێستا لوتکەی ڕیزبەندی یانەکانی گرتووە و تاکە یانەشە لەم وەرزەدا تەواوی خاڵەکانیان چنیوەتەوە.

بابەتی پێشتر

ئانسو فاتی کاریگەری لەسەر ڤینیسیۆز دروستکردووە

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دانپێدانانێک دەستکەوت و نازناوەکانی مایک تایسنی ئەفسانەی بۆکسێن دەخاتە گومانەوە

مایک تایسن، بۆکسێنه‌ری ئه‌فسانه‌یی ئه‌مریکا و جیهان هه‌میشه‌ به‌سه‌رکێشیه‌کانی ناسرابوو، له‌جیهانی بۆکسێندا که‌سێک نه‌بووه‌ هێنده‌ی ئه‌م ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره‌…
Total
0
Share