وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری قوربانییانی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب-ی لە بەغداد ڕاگەیاند.
لیوا خالد محنە، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوی ئاگركەوتنەكە، 82 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 كەسی دیكەش برینداربوون.
درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاگرێك لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە توشبووانی كۆرۆنا لە بەغداد كەوتەوە.
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویكردەوە، ئاگركەوتنەوەكە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك توشبووی كۆرۆنا و یاوەرەكانیان و، لەلایەن كارمەندانی وەزارەت و تەندروستیی ڕەسافە و نەخۆشخانەكەوە زیاتر لە 200 نەخۆش ڕزگاركراون.
ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دەستپێكێشانەوەی هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی بەغداد / ڕەسافە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی نەخۆشخانەكە، هەروەها ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا و ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی دەرەنجامەكەی بۆ هاوڵاتییان.
هەروەها كازمی بڕیاریدا ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێكردنی ڕووداوەكە ئەنجامبدرێت.