شازادەی سعودیە، محەمەد بن سەلمان داوای لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کردووە بەتایبەتی دەستتێوەردان بکات لە دۆسیەی ڕەتکردنەوەی کڕینی پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ لەلایەن سندوقی وەبەرهێنانی سعودیەوە.
هاوینی 2020 سندوقی وەبەرهێنانی سعودییە نزیکبوو پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ بکڕێت، بەڵام دوای هەوڵدانێکی زۆر ڕایەڵەی یانە پیشوەرەکانی خولی نایابی ئینگلیزی مامەڵە بازرگانییە وەرزشییەکەیان بە تۆمەتی سیاسی لەسەر شازادەی وڵاتی سعودیە، محەمەد بن سەلمان ڕەتکردەوە.
لە ئێستادا شازادە محەمەد لە ڕێگەی ئیدوارد لیستەری ڕاوێژکارەوە دووبارە دۆسیەکەی زیندووکردووەتەوە و نامەیەکی بۆ بۆریس جۆنسی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ناردووە و تیایدا داوا دەکات بەتایبەتی دەستتێوەردان لە کەیسەکەدا بکات.
محەمەد بن سەلمان هەڕەشەی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان بەریتانیا و سعودییەی کردووە لە ئەگەری بەردەوامبوونیان لە ڕەتکردنەوەی ئەو ئۆفەرە 300 ملیۆن پاوەندییەی پێشکەشی نیوکاسڵی کردووە.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی لەم بارەیەوە نوسیویەتی، سعودییەکان ئیرەیی دەبەن کە وەبەرهێنەرانی ئیمارات و قەتەر بوونەتە خاوەنی یانەکانی مانچستەر سیتی و پاریس سانت جێرمان، بەڵام ڕێگە بە شازادە نەدراوە وەبەرهێنان لە یانەیەکی ئینگلیزیدا بکات، لە کاتێکدا ئیدارە و هاندەرانی یانە مێژووییەکە “نیوکاسڵ” ئەوپەڕی دڵخۆشی خۆیان بە گواستنەوەی خاوەنداریەتی یانەکە بۆ سندوقی وەبەرهێنانی سعودییە نیشانداوە.