ڕۆژنامەیەك هێرشكردنەسەر كارمەندانی موساد لەناو هەرێمی كوردستان ڕەتدەكاتەوە

وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش ڕەتیدەكاتەوە

ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە كە تایبەت بە هێرشكردنەسەر كارمەندانی موساد لەناو خاكی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە بڵاوكرایەوە، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمیش بەهەمان شێوە ڕەتیدەكاتەوە.

ژمارەیەك لە میدیاكانی عێراق و هەندێكی پەیوەندیدار بە ئێران لەوانەش كەناڵی (پرێس تی ڤی) بڵاویانكردەوە، ئاژانسی هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) لە هەرێمی كوردستان ڕوبەڕووی هێرش بووەتەوە.

لە بەرامبەردا ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسان ڕۆژنامەی (جیرۆزالیم پۆست)ی ئیسرائیلی لەسەر زاری چوار سەرچاوەوە ڕودانی هەر جۆرە هێرشێكی لەو جۆرەی ڕەتكردەوە و باسی لەوەشكرد، هیچ میدیایەكی كوردی هیچ هەواڵێكیان لەسەر ڕوداوەكە بڵاونەكردووەتەوە و تا ئێوارەی دوێنێ “هیچ زانیارییەكیان لەبارەیەوە” نەبووە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكرد، دەنگۆكە كەموكوڕی هەیە لەڕووی وردەكارییەوە، ئەمەش گومانەكانی لەسەر هێرشەكە زیاتر كردووە.

هەر ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ژمارەیەک میدیای ناوچەکە، ھەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە بنکەیەکی ناوەندی زانیاری و چالاکی دەزگایەکی ھەواڵگری ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و چەند کارمەندێکی ئەو بنکەیە کوژراون و برینداربوون.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو ھەواڵە سەرلەبەری دوورە لە راستییەوە، هەروەک چۆن لە رابردووشدا چەندینجار ئەو جۆرە تۆمەتانەیان ئاراستەکردووین بەوەی بنکەیەکی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل لە کوردستانە”.

جوتیار عادل دوپاتیشیدەكاتەوە، “پێمانوایە ئەو ھەواڵ و تۆمەتە بێ بنەمایانە مەبەستدارە و تەنیا ئامانجیان پیلانگێڕییە بەرامبەر بە ھەرێمەکەمان”.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

هاوشێوە ئەمریكییەكەی سلێمان هەڵشۆیی كۆچی دواییكرد

بابەتی دواتر

شاندێكی فەڕەنسا ستایشی هەوڵەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share