تەقینەوە بوو یان هێرشی ئەلیكترۆنی؟
چی لە وێستگە ئەتۆمییەكەی ئێراندا ڕویدا؟

وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری ئێران

ناڕۆشنییەكی زۆر لە چواردەوری ئەو ڕوداوەدا هەیە كە دوێنێ یەكشەممە 11ی نیسان لە وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنزی ئێرانی ڕویدا، لەكاتێكدا ئیسرائیل بە ئەنجامدانی تۆمەتباردەكرێت، پرسیاری ئەوە لە ئارادایە تەقینەوە بووە یان هێرشی ئەلیكترۆنی؟ هەروەها چەندێك بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دوادەخات؟

پچڕانی تەزووی كارەبا كە پێدەچێت بەهۆی تەقینەوەیەكی پلانداڕێژراوەوە بووبێت وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی لە نەتەنز گرتەوە، بەرپرسانی ئێران كارەكەیان بە “تێكدەرانە” ناوبرد و ئاشكرایانكرد كە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریكییەكانیش بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ماوەی نۆ مانگ دوادەخات، لەكاتێكدا ئێرانییەكان نزیكبوون لە چوونە ناو قۆناغێكی نوێی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی.

پاشخانەكانی هێرشەكە
هێرشی سەر دامەزراوەی نەتەنز لەهەمان ئەو ڕۆژەدا ڕویدا كە لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە سەردان لە ئیسرائیل بوو.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئۆباڵی هێرشەكەی خستەئەستۆی ئیسرائیل و وتی، “دەیانەوێت تۆڵە لە گەلی ئێران بكەنەوە بەهۆی سەركەوتنی لە هەڵگرتنی سزا سەركوتكارەكان، بەڵام ئێمە ڕێگە بەوەنادەین و تۆڵە لە خودی ئیسرائیلییەكان دەكەینەوە”.

ئایا ئیسرائیل ئەنجامیداوە، پەیوەندی ئەمریكا بە هێرشەكەوە چییە؟
ڕاستەوخۆ پاش هێرش بۆ سەر وێستگەكە گومانەكان كەوتنەسەر ئیسرائیل كە وڵاتەكە ناكۆكە لەگەڵ هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و، بەردەوام دوپاتیدەكاتەوە ڕێگە بە ئێران نادات نزیكببێتەوە لە قۆناغی گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی.

ئیسرائیل بە فەرمی خۆی بەدوورگرت لە جەختكردنەوە یان ڕەتكردنەوەی هەر بەرپرسیارێتییەكی هێرشەكە، بەڵام بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا و ئیسرائیل دەڵێن، ڕۆڵی ئیسرائیل لەئارادایە.

ڕۆژی یەكشەممە ڕادیۆی گشتیی ئیسرائیل لەسەر زاری سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكاوە، كە ناوی نەهێناون، بڵاویكردەوە ئیسرائیل لەپشت هێرشەكەوە بووە و، “موساد تێوەگلاوە” وەك ئەوەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمریكی بڵاویكردەوە.

ئەوەی زیاتر گومانەكانی زیادكردووە كە لەلایەن ئیسرائیلەوە بوبێت، ئەوەیە كە پچڕانی تەزووی كارەبا بە ڕۆژێك پاش ئاماژەكردنەكانی بەرپرسانی ئێران بووە دەربارەی كردنەوەی سێنتەرفیوجس (أجهزة طرد مركزي)ی نوێ و پێشكەوتوو لە وێستگەكەدا.

ئێران بەڵێنی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەدات

بەر لە ڕاگەیاندنی هێرشەكەش، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كە ڕۆژی یەكشەممە چاوی بە لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كەوت بەڵێنی خستنەگەڕی سەرجەم هەوڵەكانیدا بۆ وەستاندنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی.

دوابەدوای هێرشەكەش نەتەنیاهۆ وتی، “تێكۆشان دژ بە ئێران و پەلوپۆكانی و توانا چەكدارییەكەی ئەركێكی مەزنە”.

هێرشەكەی سەر نەتەنز پاش كەمتر لە هەفتەیەك دێت بەسەر ئامادەبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران لە وتوێژەكانی ڤیەننا كە مەبەست لێی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015یە لەنێوان تاران و شەش وڵاتە گەورەكەی جیهان.

چی ڕویدا؟ تەقینەوە بوو یان هێرشی ئەلیكترۆنی؟
چەند زانیارییەكی كەم دەربارەی ڕوداوەكە لە بەیانی ڕۆژی یەكشەممەدا باسكرا، سەرەتا ڕوداوەكە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بە پچڕانی تەزووی كارەبا ناوبرا، دواتر ژمارەیەكی دیكەی بەرپرسان ئاشكرایانكرد كە وێستگەكە كراوەتە ئامانجی كارێكی “تیرۆرستانە”.

بەڵام هەندێك لە شارەزایانی پەیوەندیدار بە دۆسیەكەی ئێران ئەو پێشبینییە سەرەتاییانەیان ڕەتكردەوە بەوەی هێرشەكە ئەلیكترۆنی بێت.

عەلی فایز، بەڕێوبەری پڕۆژەی ئێران لە كۆمەڵەی ئاستەنگە نێودەوڵەتییەكان وتی، ئەستەمە هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەی نەتەنز ئەلیكترۆنی بێت، سیناریۆی پێشبینیكراو ئەوەیە هێرشەكە بەشێوەی ناڕاستەخۆ یان لەڕێی دزەكردنی مادییەوە ئەنجامدرابێت. لەكاتێكدا بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا دەڵێن، تەقینەوەی ڕاستەقینە بووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەسەر زاری دوو لە بەرپرسانی هەواڵگریی ئاگادار لە زیانەكانی وێستگەگە بڵاویكردەوە، تەقینەوەیەكی گەورە بووە و بەتەواوی سیستمی وزەی سەربەخۆی ناوەكی لەناوبردووە، كە بە باشترین شێوە پارێزراوە، و وزە دەداتە سێنتەرفیوجس-ی ژێر زەوی كە یۆرانیۆم دەپیتێنێت.

دەربارەی وردەكاری ڕوداوەكە پێشتر وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، نەبووەتە هۆی برینداربوونی هیچ كەسێك یان دزەكردن و پیسبوونی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەری هەبوو “دۆخێكی كارەساتبار” بخوڵقێنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد هەندێك سێنتەرفیوجس-ی نەوەی پێشوو زیانی پێگەیشتووە و بە جۆری نوێ جێگەی دەگیرێتەوە.

وێستگەی نەتەنز تۆڕێكی وزەی تایبەتی هەیە لەگەڵ سیستمی كۆپی یەدەگ و چەند چینێكی پارێزگاریی ئەمنی، كە ئامانج لێی ڕێگرییە لەوەی هێرشێكی لەو جۆرە ببێتە هۆی وەستاندنی سیستمەكەی بەشێوەیەكی لەناكاو.

تاران قەبارەی زیانەكە كەمدەكاتەوە
سەرچاوە ئیسرائیلییەكان باس لەوەدەكەن هێرشی سەر وێستگە ئەتۆمییەكە زیانی زۆر زیاتر لەوەی داوە كە لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە باسی لێوەدەكرێت.

سەرچاوەكان بە ڕادیۆی ئیسرائیلیان وتووە ئەو زیانانەی بەر وێستگەكە كەوتووە هەوڵەكانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دوادەخات و پێشبینی ئەوە دەكرێت دەستپێكردنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەكە پێویستی بە 9 مانگ هەبێت.

بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا بە نیویۆرك تایمزیان وتووە، تەقینەوەیەكی گەورە بەتەواوی سیستمی وزەی ناوخۆیی سەربەخۆی وێستگەكەیان لەناوبردووە كە وزە بۆ سێنتەرفیوجسی دامەزراوەكە لەژێر زەویدا دابیندەكات.

ئەگەر بارودۆخەكەش بەو جۆرە بێت، كارتی هێزی تاران لە وتوێژە نوێیەكاندا كە لەگەڵ ئیدارەی بایدن-دا هەوڵی بۆ دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، پێدەچێت ڕوبەڕووی مەترسی گەورە ببێتەوە.

بۆچی هێرشەكە لەمكاتەدا؟
ڕۆژی شەممە، واتە ڕۆژێك بەر لە هێرشكردنەسەر نەتەنز كە هاوكات بوو لەگەڵ ڕۆژی نیشتیمانیی تەكنەلۆجیای ئەتۆمی لە ئێران، سێنتەرفیوجس-ی نوێ لە وێستگەی نەتەنز تاقیكراوە، لەگەڵ توانای پاڵاوتنی یۆرانیۆم بە خێراییەكی زۆر زیاتر.

ئێران بەمدواییە چالاكییەكانی پەرەپێدابوو هاوكات لەگەڵ وتوێژە ناڕاستەوخۆكانی لەگەڵ ئەمریكا كە لە بەردەم چەندین ئاستەنگ و ئالنگاریدا بوو بۆ گەیشتنە هەنگاوی پەسەندكراو لەلایەن هەردوولاوە بە ئامانجی هەڵگرتنی سزاكانی واشنتن لەسەر تاران، لەگەڵ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی و وازهێنانی ئێران لە پێشێلكردنی ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكە.

هەمان ڕۆژی بەر لە ڕوداوەكە ئێران ئاشكرایكرد كە دەستیكردووە بە تاقیكردنەوەی میكانیكی لەسەر نوێترین و پێشكەوتوترین سێنتەرفیوجس-ی خۆی لە جۆری IR-9، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتێكی سایتی CNBCدا هاتووە.

ئەمەش واتە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێكی خێراتر، بەهۆی ئەوەی بەرهەمی ئامێری IR-9 پەنجا هێندە خێراترە لە ئامێری IR-1.

ئەمەش لەكاتێكدایە لە كانونی دووەمی ئەمساڵەوە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی 20% دەستپێكردووە.

عەمباری ئێرانیش لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی 20% گەیشتووەتە 55 كیلۆگرام، كە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی نزیككردووەتەوە لە ئاستی پیتێنراوی بەكارهێنراو لە دروستكردنی چەك.

پێشتر وەزیری وزەی ئیسرائیل باسی لەوەكرد، ئێران لەئێستاوە بۆ نزیكەی شەش مانگی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی مادەی سەرەكی یەك چەكی ئەتۆمی، ئەمەش ئەو خشتە كاتییەیە كە نزیكەی دوو هێندەی ئەو ماوەیەیە كە لەلایەن بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی بایدن-ەوە پێشبینیكراوە.

بابەتی پێشتر

گەرمیان.. "دوو كەس لە كارمەندێكی هاتوچۆ دەدەن و بە سەختیی برینداری دەكەن"

بابەتی دواتر

بەرهەم ساڵح مەرسومی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی واژووكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕێكخستنەوەی میدیای یەكێتی.. كۆتاییهێنان بە ژەهری میدیای ئاستنزم و بەهەدەردانی دەیان ملیۆن دۆلاری خەڵك

لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەناو یەكێتیدا “بڕیاریان لێدراوە و بێ دوودڵی جێبەجێدەكرێن”، ڕێكخستنەوەی میدیای حزبەكە و هەموو ئەو میدیایانەی…
Total
0
Share