مشتومڕی نێوان هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و چین لەبارەی چییەوە بووە؟

هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و چین كۆبوونەوە و لەكاتێكدا جەختیان لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان كردەوە، لەبارەی چەند بابەتێكەوە هۆشدارییان دا بە یەكدی بەتایبەت دۆسیەی تایوان و دەستوەردانی ئەمریكا لەو ناوچەیە و مافی مرۆڤ لە چین.

كۆبوونەوەی لوتکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی ژین پینگ سەرۆکی چین لەڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەڕێوەچوو. ئەمڕۆ سێشەممە میدیای هەردوو وڵات وردەكاریی كۆبوونەوەكەیان بڵاوكردەوە و باس لەوە دەكرێت كە سەرباری ئەوەی كۆبوونەوەكە لە كەشێكی دۆستانەدا بەڕێوەچووە، هەردوو سەرۆك لەبارەی چەند دۆسیەیەكەوە هۆشدارییان بە یەكتر داوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی چین “شینخوا” كۆبوونەوەكەی بە “ڕاشكاو و بنیادنەر و بابەتی و بەرهەمدار” ناوزەدكرد و ئاشكرایكرد كە شی ژین پینگ، جۆ بایدنی بە “هاوڕێی دێرین” ناوبردووە و بەپێویستی زانیوە چین و ئەمریكا پەیوەندی و هاوكارییەكانیان بەهێزتربكەن لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان.

سەرۆكی چین داوای لە سەرۆكی ئەمریكا كردووە پێكەوە ژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەدیبهێنرێت و ڕایگەیاندووە، “دەبێت هەردوو وڵات بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەكانیان لەئەستۆبگرن”.

لەبەرامبەر ئەو وتەیەدا سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، پەیوەندیی دوو لایەنە كاریگەریی قووڵی نەك تەنها لەسەر هەردوو وڵات، بەڵكو لەسەر گشت جیهان هەیە” و جەختیكردووەتەوە كە دەبێت هەردوو سەرۆك ڕێگربن لەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و چین بەرەو ململانێیەكی كراوە بخزێن.

ناكۆكییەكان

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەكانی هەردوو وڵات بڵاویانكردوونەتەوە و ئەوانەشی لە میدیای جیهاندا دزەیانپێكراوە، كۆبوونەوەی سەرۆكانی چین و ئەمریكا بەدەر نەبووە لە باسكردنی ناكۆكییەكان.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە فشاری چین بۆسەر تایوان، جەنگی بازرگانیی نێوان ئەمریكا و چین و سەرچاوەی سەرهەڵدانی كۆرۆنا و فراوانكردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی چین و مافی مرۆڤ و مامەڵەكردنی چین لەگەڵ مسوڵمانەكانی ئویگۆر و دانیشتووانی تبتدا مایەی مشتومڕی نێوان هەردوو سەرۆك بوون.

میدیای فەرمیی چین لەوبارەیەوە دەڵێت، “شی ژین پینگ سەرۆکی چین، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی تایوان ئاگادارکردووەتەوە و پێیڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی تایوان هەمیشە پشتیان بە ئەمریکا بەستووە و بەشێك لە كاربەدەستانی ئەمریکاش دەیانەوێت تایوان بۆ کۆنترۆڵکردنی چین بەکاربهێنن، ئەوەش وەك یاریکردن بە ئاگر وایە و هەر کەسێک یاری بە ئاگر بکات دەسووتێت”.

لەبەرامبەردا و بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا جەختیكردووەتەوە لەوەی ئەمریکا بەتوندی لەدژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کە ئاشتی و سەقامگیری لە تایوان تێکبدات”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیای جیهانی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاویكردوونەتەوە، سەرۆكی ئەمریكا نیگەرانیی خۆی گەیاندووە بە سەرۆكی چین لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە چین و سەرکوتکردنی مسوڵمانانی ئویگۆر و مافی دانیشتووانی هەرێمی تبت، بەڵام هەردوولا پێداگیربوون لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان.

بابەتی پێشتر

وەرگەڕانی مینی پاسێک برینداربوونى حه‌وت خوێندكاری لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیال چەند ملیۆن بەدەستدەهێنن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share