بایدن ئەمریكییەكان ئاگادار دەكاتەوە لەوەی، وڵاتەكەی هێشتا دوورە لەوەی بەسەر كۆرۆنادا سەر بكەوێت، داواش دەكات هاوڵاتییان پابەندی ڕێكارەكان بن.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكدا كە میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، وڵاتەكەی دوورە لەوەی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا تۆمار بكات.
لەو وتارەیدا بایدن داوا دەكات، هاوڵاتییانی ئەمریكا پابەندی ڕێكارە خۆپارێزییەكان بن بۆ ئەوەی لە شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسەكە پارێزراو بن.
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئێمە لە شەڕی مان و مردنین لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنادا، چونكە بەشێوەیەكی خێرا بڵاودەبێتەوە، جۆرە نوێیەكانی بڵاودەبنەوە”.
بایدن ڕاشیگەیاندووە، “دەمامك ببەستن، ئەوە ئەركێكی نیشتمانییە، هێشتا كاتی ئاهەنگ نەهاتووە، خۆتان بەدەستەوە مەدەن”.
سەرۆكی ئەمریكا ئاشكراشیكردووە، تا 19ی نیسان وا دەكەن 90%ی كەسانی پێشگەیشتووی ئەمریكی بە ڤاكسینی كۆرۆنا كوترابن.