بەهای نەوتی خاوی برێنت لە خوار 62 دۆلارەوەیە و بەردەوامە لە دابەزین، ئابوریناسێكی كوردیش یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی بەهای نەوت بۆ ڕاگەیاندنی كەڕەنتینی سەرتاسەری لە ئەڵمانیا دەگەڕێنێتەوە.
بۆ ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئازار، لەكاتی نوسینی ئەم هەواڵە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت دابەزیوە بۆ 61 دۆلار و 71 سەنت.
هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساس (ئەمریكا) یەك بەرمیلی بەرامبەرە بە 58 دۆلار و 78 سەنت.
لەبارەی هۆكارەكانی دابەزینی بەهای نەوتی خاو لە جیهاندا، كامەران قادر، مامۆستای زانكۆ و ئابوریناس بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “خۆی لە ڕاستیدا بەرزبوونەوەی بەهای نەوتی خاوی برێنت لە ڕابردوودا بۆ 70 دۆلار بەهۆی ئەوە بوو ئەمریكا بەرهەمی نەوتی كەمبووەوە، بەهۆی گەردەلول و سەرماوە، سعودیەش كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی مانگێكی دیكە درێژكردەوە”.
ئەو ئابوریناسە ئەوەشی خستەڕوو، “بەڵام ئێستا پاش ئەوەی نەوتی لە كۆگاكراوی ئەمریكا زیادی كردووە، ئەمڕۆش كەرەنتینی سەرتاسەری لە ئەڵمانیا ڕاگەیەندراوە كە خاوەنی گەورەترین ئابوریی ئەوروپایە، جارێكی دیكە نرخی نەوت دابەزی”.
هۆشداریشیدا لەوەی، “ئەگەر كەرەنتینی سەرتاسەری لە ئەمریكا و ئەوروپادا ڕابگەیەندرێت، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی نەوت دێتەوە خوار 40 دۆلار”.