ئەمریكا: ئەوروپا كلیلی ئاشتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ هەینی 2ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، دوای ڕێككەوتنەكەی ئەبراهام، ئەوروپا دەبێتە كلیلی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا.

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “لا ڕیپۆبلیكا”ی ئیتاڵی دا، پۆمپیۆ وتی، “پێموایە سەركردەكانی ئەوروپا ڕۆڵی ستراتیژییان هەیە. بە هەمان شێوە ڕۆڵیان هەیە لە ڕاگرتن و سنووردانان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران كە هێشتا گەورەترین هێزە بۆ تێكدانی سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا.”

سەبارەت بە كێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل كە بەشێكە لە ململانێكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، هیواخوازە فەڵەستینییەكان بچنە پاڵ ئەمریكا و پابەندی دانوستاندنی ڕاستەقینە ببن لەگەڵ ئیسرائیل دا.

لە وەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامە ئیتاڵییەكە دا سەبارەت بەوەی چی بكرێت لەوپێناوەدا؟ بەوپێیەی فەڵەستینییەكان ڕێككەوتننامەكان لەگەڵ ئیسرائیل و خۆرئاوادا بە پووچەڵ ئەژماردەكەن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی، “دەبێت پابەندی گفتوگۆ ببن.”مانگی ئابی ڕابردوو، ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێككەوتننامەی ئاشتییان لە واشنتن ئیمزاكرد و ئیسرائیل ڕێككەوتننەكەی لەگەڵ ئیمارات دا بە ڕێككەوتننامەی ئیبراهیم یاخود ئەبراهام ناوزەد دەكات، بەوپێیەی سەرەتا ئیمارات پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دا ئاساییكردەوە. هۆكاری ئەو ناونانەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پێغەمبەر ئیبراهیم، بەوپێیەی لە هەرسێ ئایینە ئاسمانییەكەدا (ئیسلام – كریستیان و جوو) ڕۆڵی دیاری هەیە و بە لای پەیڕەوكارانی ئەو سێ ئایینەوە، كەسایەتییەكی پیرۆزە و وەك پەیامبەرێكی خودا دانی پێدا دەنێن.

بابەتی پێشتر

ڤاكسینی كۆرۆنا ژیان ئاساییده‌كاته‌وه‌؟

بابەتی دواتر

ئەمریکا: ناتوانین هێرشی بەردەوامی چەکدارە شیعەکان قبوڵ بکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share