ڕایان كرۆكەر: كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق ئاماژەیەكی مەترسیدارە

ڕایان كرۆكەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق

باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان باڵیۆزخانەكەی لە عێراق بە كراوەیی بهێڵێتەوە سەرەڕای مەترسییەكان و دەشڵێت، كشانەوە لە عێراق ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ هاوپەیمانان.

ڕایان كرۆكەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كارێكی نادروست و باوەڕپێنەكراوە، پێویستە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان جەختبكاتەوە لەسەر دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ پشتیوانیكردنی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران.

ڕۆژنامەی مۆنیتەری ئەمریكی لەسەر زاری كرۆكەر ئەوەشی وت، “پێویستە دیبلۆماتكاران لەو وڵاتانەدا بمێننەوە كە ململانێیان تیایە هاوشانی برا و خوشكەكانیان لە سەربازانی ئەمریكا”.

باڵیۆزی پێشوو دەشڵێت، پێویستە ئەمریكا ستراتیژی شێنەیی لە عێراق و ناوچەكە بەكاربهێنێت، بەتایبەت كاتێك لە عێراق هاوبەشێكی وەك كازمی هەیە.

دوپاتیشیكردەوە كە جێهێشتنی عێراق ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ هاوپەیمانانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوبەشەكانی لە ناوچەكە، كە پرسیار دەوروژێنێت دەربارەی هێزی مانەوەی ئەمریكا و پابەندییەكانی.

كرۆكەر ئەوەشی خستەڕوو، كێشەكانی عێراق دەستكردی كازمی نین، بەشێوەیەكی گشتیش ئاڵەنگارییەكانی ناوچەكە پێویستی بە كاتێكی زۆرتر بۆ داڕشتنەوە و كاتێكی زیاتر بۆ چارەسەر هەیە.

كۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوو، نیازێكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوە و داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد بەهۆی زیادبوونی هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز بڵاوكرایەوە، لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق هەوڵەكانی بۆ جێبەجێنەكردنی دەستپێكرد.

هێرشی موشەكی ناوبەناو بۆ سەر ناوچەی سەوز لە بەغداد ساڵانێكە بەردەوامە، بەڵام دوابەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە زیادیكردووە.

بابەتی پێشتر

ئیزمیر.. دەستگیركردنی 25 كۆچبەری نایاسایی

بابەتی دواتر

ڕاپەڕین.. پێنج كەس بە زیاتر لە سێ كیلۆ مادەی هۆشبەرەوە دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share