ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی سەدر كۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ لەجێگای پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی ڕەوتی سەدر.

كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران نائاساییە و تایبەت بە پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوەی ڕەوتی سەدر دەبێت.

دوێنێ ڕۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی بڵاویكردەوە، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتارە جێگرەوەكان، لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی واژووی 123 پەرلەمانتار پێشكەشی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن، بۆ ئەوەی خۆیان وەكو گەورەترین كوتلەی ناو ئەنجومەنەكە بناسێنن‌ و ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ڕابسپێردرێن بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

پێشتر د. بڕیار ڕەشید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، دوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر ژمارەی كورسییەكانی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان زیاددەكات.

باسی لەوەشكرد، حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بووە لە پشكی سەدرییەكان و دەستیلەكاركێشاوەتەوە، چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان ئەو پۆستە وەردەگرێت.

لە دوایین پەیامیدا تایبەت بە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران دوێنێ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتەر ڕایگەیاند، بەهۆی فشاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە پڕۆسەی سیاسی پاشەكشەمان نەكردووە و وتیشی، “نەبووينە بەشێك لە بەرنامەی ئەوانەی هەوڵی لەناوبردنی عێراق دەدەن”.

ئاشكرایكرد، “ئەوانەی بە باڵی ئێران دەناسرێن هەوڵدەدەن دادگای عێراق ملكەچ بكەن و داواش لە لایەنە سیاسییەكان دەكەم هەڵویستی ئازایانەی خۆیان بنوێنن لەپێناو چاكسازی و ڕزگاركردنی نیشتماندا”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە: لە کۆتایی ئەم مانگەوە وەرگرتنی منداڵان بۆ پۆلی یەکی بنەڕەتی دەستپێدەکات

بابەتی دواتر

کۆچبەرێکی کورد لە ڕێگای ئەوروپا بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ هاوڕێکانی کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share