ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە داهاتی ساڵانەی تاک لە 188 وڵاتی جیهاندا دەخاتەڕوو بەپێی ڕیزبەندییەکەش عێراق 108ەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی داهاتی ساڵانەی تاکەوە.
ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەپێی دۆلار تێکڕای داهاتی ساڵانەی هەر تاکێکی لە کۆی 188 وڵاتی جیهاندا بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتەش یەکەم وڵات لە جیهاندا تێکڕای داهاتی تاکی لە پلەی یەکەمدایە وڵاتی قەتەرە بە تێکرای 98 هەزار و 814 دۆلارە لە ساڵێکدا.
دوای ئەویش هەریەکە لە لۆکسمبۆرگ لە پلەی دووەمدایە بۆ تێکڕای داهاتی ساڵانەی تاک بە 78 هەزار و 670 دۆلار، سەنگاپور پلەی سێیەمی گرتووە و تێکڕای داهاتی ساڵانەی تاکی 64 هەزار و 584 دۆلارە لە ساڵێکدا.
لە ڕیزبەندییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کەمترین تێکڕای داهاتی ساڵانەی تاک لە کۆی 188 وڵاتی جیهان هاوڵاتییانی سوریاییە کە تێکڕای داهاتەکەیان 479 دۆلارە، پێش ئەویش وڵاتی ئەفریقای ناوەڕاست دێت بە تێکڕای 542 دۆلار لە ساڵێکدا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان تێکڕای داهاتی ساڵانی تاک لە عێراقدا دەگاتە 7 هەزار و 391 دۆلار لە ساڵێکدا و بەمەش عێراق لە پلەی 108ەمینی جیهاندایە.