دووبارە؟! سەرۆکی بەرشلۆنە لە گواستنەوەکاندا یارییەکی ناشرینی بە کومان کرد

سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە جارێکی دیکە لە گواستنەوەکانی هاوینی 2020 شکستیهێنا و سەرکەوتونەبوو لە گواستنەوەی یاریزانە داواکراوەکانی ڕۆناڵد کومان.

بەپێی زانیاری ڕۆژنامە کەتەلۆنییەکان، کومان لە گواستنەوەکانی هاوینەدا داوای فرۆشتنی ساموێل ئومتیتی و عوسمان دیمبیلی کردووە، لە بەرانبەردا خواستی لەسەر کڕینی مێمفس دیپای هێرشبەری یانەی لیۆن و ئیریک گارسیای بەرگریکاری یانەی مانچستەر سیتی نیشاندا.

لە کۆتا ڕۆژی گواستنەوەکاندا، ئیدارەی بارسا هەوڵی زۆریاندا گارسیا و دیپای دابینبکەن، بەڵام لە هەوڵەکانیاندا جدی نەبوون و شکستیانهێنا.

ئەم جموجۆڵە بێسوودەی بارتۆمیو و هاوەڵانی بابەتێکی نوێ نییە و لە پێشوودا بەرانبەر کیکی سیتیێن و تەنانەت ئێرنیستۆ ڤاڵڤێردی و لویس ئینریکیش هەمان بێ بەڵێنی کراوە، ڕاهێنەران داواکاری کۆمەڵێک یاریزان بوون و بەڕێوبەران شکستیانهێناوە لە کڕینیان و تەنانەت سەرکەوتونەبوون لە دەستبەرداربوون لە یاریزانە بێسودەکان.

شکست لە فرۆشتن

ساموێل ئومتیتی بەهۆی پێکانەکان و دوورکەوتنەوەی لە یاریکردن ئاستی دابەزیوە، هیچ یانەیەک خواستی لەسەر گواستنەوەی نەبووە.

ئیدارەی بارتۆمیو بە درێژایی وادەی گواستنەوەکان نەیانتوانی یانەیەکی کڕیار بۆ بەرگریکارە فەرەنسییەکە بدۆزنەوە، دواتریش فەرەنسییەکە ڕەتیکردەوە ڕوو لە یانەی دیکە بکات و پڕۆسەی گواستنەوەی شکستیهێنا.

لەلایەکی دیکەوە عوسمان دیمبیلی لە یانەی مانچستەر یونایتد نزیکبوو، یانە ئینگلیزییەکە داوایاندەکرد بۆندەکەی بە شێوازی خواستن تاوەکو هاوینی 2021 واژووبکرێت، بەڵام نوێنەرانی بارسا داوای بۆندی هەمیشەییان دەکرد بە زیاتر لە 90 ملیۆن.

دیمبیلی لە هاوینی 2022 بۆندەکەی کۆتاییدێت، بارتۆمیو هاوکارانی پێیان وابووە لە کاتی گەڕانەوەی لە هاوینی 2021 نرخی ڕاستەقینەی خۆی ناکاتەوە کە 120 ملیۆنە، بۆیە داوای نوێکردنەوەی بۆندیان لە لێپرسراوی کاروباری یاریزانەکە کرد بەر لەوەی ڕوو لە یونایتد بکات، یاریزانەکەش ئەو داواکارییەی ڕەتکردووەتەوە و بەو هۆیەوە ئەو گواستنەوەیەش شکستیهێنا.

شکست لە کڕین

پێشینەی کارەکانی بارسا فرۆشتنی یاریزان بوو بۆ ئەوەی  بڕی تەواو بۆ کڕینی یاریزانی نوێ دابینبکەن، بەڵام لە فرۆشنی یاریزانە گرانبەهاکان شکستیانهێنا.

تۆدیبۆ بەبڕی دوو ملیۆن ڕوویکردە بەنفیکا و ئەوانی دیکەش هەندێکیان بێبەرانبەر ماڵئاواییانکرد، بۆیە داهاتی تەواویان بەردەستنەبوو بۆ واژووکردنی بۆندی دیپای و پاشان ئیریک گارسیا.

لە کۆتا ساتەکاندا بڕی 10 ملیۆنیان بۆ گواستنەوەی گارسیا پێشکەشی مانچستەر سیتی کرد، بەڵام ئیدارەی سیتی ئامادەنەبوو بە کەمتر لە 20 ملیۆن دەستبەرداری بەرگریکارەکەی بێت و بارتۆمێو هاوڕێیانی لەم بۆندەشدا دەستبەتاڵ گەڕانەوە.

شکستهێنانی ئیدارەی بارتۆمیو بە گیرفانێکی بەتاڵەوە دووبارەی هەمان ئەو سیناریۆیانەیە کە بۆ نێیمار و چەند یاریزانێکی دیکە ئەنجامیاندا، بۆیە ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ نوسیویەتی، ئەو یارییەی بارتۆمیو بە ڕاهێنەرانی دیکەی کردووە دووبارە بە ڕۆناڵد کومانیشیان کردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

ڕیزبەندی ئەو یانانەی لە گواستنەوەکانی هاوینە زۆرترین خەرجییان هەبووە

بابەتی دواتر

ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی بایرن میونشن لە ژووری جلگۆڕینەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share