‘قرشە سپیەکە’ لەدەریای تۆپی پێدا کێی ویستبێت ڕاویکردووە و بەحەسرەتە بۆ سێ یاریزان

فلۆرنتینۆ پێرێز، ناسراو بە قرشە سپییەکە، لەبوارە بازرگانیەکاندا چ ناوێکی کارامەی لێدەنێیت دەگونجێت، چونکە خاوەن کەسایەتیەکی بەهێزە و جگە لە بوارە ئەندازیاریەکان مەلەوانێکی ناوازەی بواری بازرگانی وەرزشییە.

ئەم سەرۆکە بەوە ناسراوە کاتێک هەوڵ بۆ گواستنەوەی یاریزانێک دەدات، سەرەتا لە ڕێگەی لێپرسراوی کارەکانیەوە کەناڵی پەیوەندی دەکاتەوە، دواتر خودی یاریزانەکە بە موچەی خەیاڵی و ئیمتیازاتی جیاواز لە یانەکانی تر سەرسام دەکات.

لەکۆتا هەنگاوەکانیشیدا کەناڵی فەرمی گفتوگۆ لەگەڵ یانەی فرۆشیار دەکاتەوە، ئەم شێوازەش چەند جارێک یانە یانە فرۆشیارەکانی توڕە کردووە، لەنمونەی گواستنەوەکانی لوکا مۆدریچ و گاریس بەیل.

لە سیاسیەکی شکستخواردوو بۆ سەرۆکایەتی ڕیاڵ

پێرێزی تەمەن (٧٢) ساڵ لەسەرەتاکانی ژیانیەوە وەک کارمەندێکی حکومیی ئاسایی کاری کردووە.

دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەندازیاری مەدەنی لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی مەدرید، وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مەدرید دەستبەکار بووە.

بەهۆی لێزانییەوە یەکەم ئەرکی سەرپەرشتی کردنی پڕۆژەی شەقامە گشتیەکانی پێبەخشراوە، دوای ماوەیەک بۆ پۆستی وەزیری گواستنەوەوکار پاڵێوراوە، سەرباری بەرزکردنەوەی پلە حکومییەکەی لەماوەی ساڵێکدا، بەڵام ئەم کەسایەتیە هەستی کردووە لە بواری سیاسەتدا باشتر جێگەی دەبێتەوە و پەیوەندی بە پارتی چاکسازی دیموکراتیەوە کردووە.

پارتی چاکسازی لە هەڵبژاردنەکانی ئیسپانیا تازە و نامۆ بوو بەنسبەت دەنگدەرانەوە، هێندە دەنگی نەهێنا تا لە پەڕلەمان نوێنەری هەبێت و هەڵوەشێنرایەوە.

لێرەدا پێرێز هەنگاوێکی ئازایانە دەنێت و ڕوودەکاتە بوارە بازرگانیەکان و کۆمپانیای “پادرۆس” لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەکڕنەوە و لە هیچەوە دەیکەنە براندێکی بەهێز و دەستکەوتدار.

لە ساڵی ١٩٩٣ کۆمپانیاکە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکە یەکدەخەن و کۆمەڵە کۆمپانیاکانی (ACS، Actividades de Construccion y Servicios) بۆ وەبەرهێنان بونیاد دەنێن، لێرەوە بە جیهانیی دەبن و سەدان ملیۆن دۆلار داهات کۆدەکەنەوە.

سەیر لەوەدایە، پێرێز لەبوارە حکومیەکان بەردەوام نابێت و دواتر لە سیاسەتدا شکست دەهێنێت، بەڵام وەک سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای (ACS) دەبێتە خاوەن کەسایەتیەکی ناودار و لەناکاو ڕووەو وەرزش هەنگاو دەنێت.

بەرەو ڕیاڵ مەدرید

ڕامۆن مێندۆزای سەرۆکی ڕابردووی ڕیاڵ دەخرێتە ژێر فشاری قورسەوە و پێرێز هەلەکە دەقۆزێتەوە و خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانە مێژووییەکە کاندید دەکات.

بەکۆی (٦٩٩) دەنگ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، لەو کاتەشدا بەڵێنی گواستنەوەی “گالاکتیکۆس” بە هاندەران دەدات و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ئیدارە دروست دەکات و بەڵێنەکانیشی دەهێنێتە دی.

“قرشە سپییەکە” لەخۆوە ئەم نازناوەی پێنەبەخشراوە، بەڵکو خواستی لەسەر هەر یاریزانێک بێت بە تەکنیکی مانگرتن و یاخیبوون دابینی دەکات.

لە قۆناغی یەکەمی سەرۆکایەتیکردنی یانەی شاهانە، لویس فیگۆ، زینەدین زێدان، ڕۆناڵدۆی دیاردە، داڤید بێکهام، مایکڵ ئۆون، ئەنتۆنیۆ کاسانۆ و چەندین ناوی گەورەی دیکە دەکڕێت، لە قۆناغی دووەمیشدا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ڕیکاردۆ ئیزاکسۆن کاکا و جەیمس ڕۆدریگێز و گاریس بەیل و لوکا مۆدریچ و کەریم بنزیما و چەندینێکی دیکە، کە تائێستاش هەندێکیان درێسی لۆس بلانکۆسیان فڕێنەداوە.

پێرێز دەگاتە ئەو ئاستەی کێی بوێت دەیکڕێت و کێی نەوێت دووری دەخاتەوە و دەسەڵاتی یەکەم لە پێکهاتەی یەکەمی سەرۆکایەتیەوە تا بچوکترین کارمەندی یانە کۆنترۆڵ دەکات.

لەم بارەیەوە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایدەگەیەنێت، ” من بەهێزم، چونکە سەرۆکی ڕیاڵ مەدریدم، لە یانەکەم من لەسەرو هەمووانەوەم”.

بەحەسرەتە بۆ سێ یاریزان

ماڵپەڕی “دیفێنسا سەنتراڵ”ی زمانحاڵی یانەی شاهانە لە چەند سەرچاوەیەکی نزیکی پێرێزەوە ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ناوبراو لەژیانی وەرزشییدا هەوڵی بۆ هەر یاریزانێک دابێت بە سەدان تەکنیکی جیاواز یانەی فرۆشیاری هەراسان کردووە و لەکۆتاییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام لە کەیسی گواستنەوەی سێ یاریزاندا سەرکەوتوو نەبووە و تائێستا بە حەسرەتەوە باسیان دەکات.

یەکەم یاریزان لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنەیە، لە ساڵی ٢٠١٣ و پاش ئەوەی جادوگەرەکەی ئەرجەنتین بێزاری لە بارودۆخی خۆی و یانەکەی دەردەبڕێت، پێرێز لە ڕێگەی لێپرسراوی کارەکانیەوە دەچێتە بن کڵێشەیی و هاوشێوەی فیگۆی ساڵی ٢٠٠٠ چەندین بەڵێنی پێدەدات، لە موچەوە بۆ ئیمتیازاتی خەونەکان.

هەموو هەوڵێک دەدات لەپێناو کۆکردنەوەی هەردوو گەوهەرەکەی جیهان (مێسی و کریستیانۆ) لە یەک پێکهاتەدا و ڕاکێشانی تەواوی سەرنجی هەوادارانی تۆپی پێ، بەڵام لەم نێوەندەدا سەرۆکایەتی بارسا بە جموجۆڵەکانی دەزانن و ئامادەیی نیشان دەدەدن تەواوی کێشەکانی لیۆ چارەسەر بکەن، لەکۆتاییشدا ڕێکەوتن دەکرێت و چوار وەرز بۆندەکەی نوێ دەکرێتەوە.

یاریزانی دووەم بریتیە لە ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی پۆڵەندی هێرشبەری یانەی بایرن میونشن.

وەرزی ٢٠١٢/٢٠١٣ پاش ئەوەی “لیڤا گۆڵ” بەدرێسی بوروسیا دۆرتمۆندەوە چوار گۆڵ لەسەر ڕیاڵ مەدریدی مۆرینیۆ تۆمار دەکات، پێرێز پەیوەندی بە لێپرسراوی کارەکانیەوە دەکات، بەڵام لەو کاتەدا یانەی بایرن میونشن چەند هەنگاوێکیان لە گفتوگۆکاندا بڕیوە و هەر ئەوانیش گرەوی قەناسەکە دەبەنەوە.

یاریزانی سێیەم بریتیە لە ستیڤن جێراردی ناسراو بە پیاوە کەشخەکەی ئینگلتەرا، یاخود جەنەڕاڵی لیڤەرپوڵ.

پێرێز لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ دووجار لەسەر ڕاسپاردەی زینەدین زێدان هەوڵ بۆ گواستنەوەی “جەنەڕاڵ ستیڤی” دەدات، بەڵام ئەم یاریزانە بەهۆی خۆشەویستی بۆ “ڕێدز” و وەفاداری بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە هەردوو ئۆفەرەکەی مەدرید ڕەت دەکاتەوە، لەم گواستنەوەیەشدا پێرێز شکست دەهێنێت.

سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە، پێرێز هەوڵی بۆ زۆرترین ڕێژەی یاریزانان داوە و هاوشێوەی قرشی سپی دەزانێت لە چ پێگە و کاتێکدا ڕاوی نێچیرەکانی دەکات.

بەنسبەت یاریزانان و یانەکانی دیکەوە وەک قرشی ڕاستەقینە تۆقێنەرە، هەر کاتێک نێچیرێک بکەوێتەبەر کەڵبەکانی ڕەحمی پێناکات و دەبێت کۆتاییەکەی بەدرێسی سپیەوە ببینرێت.

لەپێشوودا هەوڵی بۆ ئینێستا و چاڤی و لامپارد و تۆتی و چەندینێکی دیکەش داوە، بەڵام خەفەتبار نەبووە و لەو ناوانە باشتریشی دابین کردووە، مێسی و لیڤاندۆڤیسکی و جێرارد تەنها سێ یاریزان بوون کە تا ئەم ساتە قرشەکەی مەدرید بە حەسرەتە بۆیان و لە گواستنەوەیان بەبێ ویستی خۆی شکستی هێناوە.

بابەتی پێشتر

مارادۆنا و ڕۆناڵدۆ؟! (١٠) ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێ هەرگیز نه‌یانتوانی نازناوی چامپیۆنز لیگ به‌ده‌ست بهێنن

بابەتی دواتر

ئەو حەوت یاریزانەی بەجەستەیەکی لەڕولاوازەوە خۆیان کرد بە "سوپەرمان"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share