گۆڕانکاریەکان چین؟ بۆ وەرزی داهاتوو بەرشلۆنە پێویستی بە پێنج گۆڕانکاری گەورەیە

بۆ وەرزی داهاتوو یانەی بەرشلۆنە پێویستی بە پێنج گۆڕانکارییە

لەم وەرزەدا یانەی بەرشلۆنە ئاستی بە پێی پێویست نەبووە و هەموو ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەک لە کۆتایی وەرزدا دەستبەتاڵ دەربچن.

لە یاری چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرانبەر پاریس سان جێرمان بە ئەنجامی (4-1) دۆڕاندنیان تۆمارکردووە و گەڕاندنەوەیان لە پارک دی فرانس مەحاڵە.

لە چوارچێوەی ململانێکانی خولی ئیسپانیا پلەی سێیەمی ڕیزبەندی لالیگایان گرتووە و لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدریدی یەکەمی ڕیزبەندی جیاوازییەکی زۆریان هەیە، واتا بەدەستهێنانی نازناوی خولی ناوخۆ زەحمەتە لەم وەرزەدا.

لە چوارچێوەی کێبڕکێکانی جامی شای ئیسپانیاش لە یاری چوونی قۆناغی نیوەی کۆتایی بەرانبەر ئیشبیلیە بە دوو گۆڵی بێوەڵام دۆڕاندنیان تۆمارکردووە و پێویستیان بە ڕیمۆنتادایە.

بەشێوەیەکی گشتی ئازولگرانا دەناڵێنێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بێ ئەنجام و نازناوی گەورە ماڵئاوایی لە وەرزی 2020/2021 دەکەن، بۆ وەرزی داهاتوو پێویستیان بە بونیادنانەوەی پێکهاتەکە و چەند گۆڕانکارییەکی گەورەیە.

 

بەردەوامبوونی کومان: پڕۆژە نوێیەکەی کومان گەشبینی پێوەدیاربووە، لە مامەڵەکردنی لەگەڵ لاوانی وەک دێست و ڕیکی پوج و ئاراوخۆ و پێدری سەرکەوتوبووە.

بەردەوامبوونی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە واتا برەودان بە لاوانی لاماسیا و ئەوەش داواکاری چەندین ساڵەی میدیاکانە و لەلایەکی دیکەشەوە هاوسەنگی و چەسپاوی بە پێگەی ڕاهێنەری یانەکە دەدات.

 

دەستبەرداربوون لە مێسی: مێسی باشترین یاریزانە لە مێژووی یانەی بەرشلۆنە، بەڵام بەتەمەندا هەڵچووە و بۆندەکەی کۆتاییدێت، لە هاوینی ڕابردوو تاوەکو ئێستا باس لە ڕۆیشتنی دەکرێت و ئەم زانیاریانە لەڕووی دەروونیەوە کاریگەریان لەسەر بارسا بەگشتی دروستکردووە.

دەستبەرداربوون لە لیۆ ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بونیادنانی پێکهاتەیەکی نوێ، هەروەها کەمبوونەوەی موچەی ئەم یاریزانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بودجەی یانەکە دروستدەکات، دەکرێت خشتەی موچەی سەرجەم یاریزانانیش بەم هۆیەوە کەمبکرێتەوە.

 

کڕینی هێرشبەرێک: ئاستی برەیزوایت و گریزمان و پێکانی ئانسو فاتی و ماڵئاوایی لویس سوارێز، یانەکە ناچاردەکات هێرشبەرێکی نوێ بکڕێت، هێرشبەرێکی گۆڵکار بتوانێت لە وەرزێکدا بەلایەنی کەمەوە 25 بۆ 30 گۆڵ تۆماربکات.

 

فرۆشتنی بە تەمەنەکان: بەرشلۆنە لەڕووی تەمەنەوە پێویستی بە نوێکارییە، پێکهاتەکە پێنج ناودارترینی تەمەنیان لەسەرو 30 ساڵەوەیە (پیکێ، بوسکێتس، مێسی، ئەلبا، پیانیچ).

سێرجی ڕۆبێرتۆ و گریزمان و برەیزوایت تەمەنیان 29 ساڵە، تێر شتیگن و کۆتینیۆ 28 ساڵ، بە تێڕوانین لە ئاستی زۆرینەیان، لەم وەرزەدا هیچ سوودێکیان نەبووە و موچە و ئیمتیازاتی خەیاڵییان بەدەستهێناوە، بۆ واژووکردنی بۆندی نوێ پێویستیان بە فرۆشتنی هەندێک لەم تەمەندارانە دەبێت.

 

ڕاگرتنی هاوسەنگی دارایی: بەرشلۆنە نغرۆی قەرزە کەڵەکەبووەکان بووە، بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەک زیادەڕەوی لە گواستنەوەی یاریزانان و بەکارخستنی پارەدا بکەن.

پێشتر پارەی خەیاڵیان لە گواستنەوەی عوسمان دیمبیلی و کۆتینیۆ و گریزمان و فرینکی دی یۆنگ و پاولینیۆ بەکارخستووە، هیچ یەکێک لە بۆندەکانیش بەپێی پێویست سوودی داراییان نەبووە.

بەرشلۆنە پێویستی بە وریاییە لە مامەڵەکردن لە کڕین و فرۆشی یاریزانان، بەتایبەت کە لەم وەرزەدا زیانی دارایی قورسیان بەهۆی کۆرۆناوە پێگەیشتووە.

بابەتی پێشتر

سێ هۆکار بوروسیا دۆرتمۆند ناچاردەکات ئێرلینگ هالاند بفرۆشێت

بابەتی دواتر

ڕێبەر ئەحمەد: چاوەڕوانین حكومەتی بەغداد تاوانبارانی هێرشەكەی هەولێر دەستگیربكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share