پرۆژەبڕیارێكی بەریتانی كە دراوەتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا لە وڵاتانی دەوڵەمەند دەكات ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بدەنە وڵاتانی هەژار.
پرۆژەبڕیارەكە كە ڕۆژی پێنجشەممە 18ی شوبات لەلایەن لەندەنەوە دراوەتە هەر 14 هاوبەشەكەی لە ئەنجومەنی ئاسایش جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگی و دادپەروەری دەكاتەوە و، داواش لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەكات ڤاكسین ببەخشنە وڵاتە داهات كەم و مامناوەندەكان و ئەو وڵاتانەی پێویستیانە.
چوارشەممەی ڕابردوو دۆمینیك ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەمیانەی دانیشتنێكی ئەنجومەنەكەدا پرۆژەكەی ئاشكراكرد و وتی، 160 ملیۆن كەس لە جیهاندا لە دۆخی ململانێدا دەژین یان بەهۆی ناسەقامگیرییەوە هەڵهاتوون و، لەژێر مەترسیدان بەهۆی بەدەستنەگەیشتنی ڤاكسین.
پرۆژەكە داواش لە لایەنە چەكدارە ناكۆكەكان دەكات بەزوویی ئاگربەست ڕابگەیەنن لەپێناو دۆخی مرۆیی و بۆ فەراهەمكردنی ڤاكسین لە ناوچەی ململانێكاندا.
لەنێو 15 ئەندامەكەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وڵاتانی بەرهەمهێنی ڤاكسین هەیە كە ئەوانیش ویلایەتە یەكگرتووەكان، ڕوسیا، چین، شانشینی یەكگرتوو و هندستان-ن.
بەرپرسانی لەندەن چاوەڕوانن لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆژەكەیان پشتی پێببەسترێت، بەڵام پێدەچێت ڕازیكردنی ڕوسیا دژوار بێت، پاش ئەوەی چوارشەممەی ڕابردوو ئاشكرایكرد كە پرسی ڤاكسین لە تایبەتمەندیی كارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش نییە.
س: فڕانس پرێس