سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان بوون و نەبوونی هەدەپە لە سێکتەرەکانی تورکیادا چونکە ئەوان بەردەوام یان لە شاخن یان لەسەر شەقام.
لێدوانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بەشداری یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ یاسادانان لە تورکیا نەکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بڕیاری لە سێدارەدانەوە ڕایگەیاند، “هەرکاتێک پەرلەمان بڕیارێکی ئەرێنیی دەرکرد لەبارەی لەسێدارەدان، ئەوا منیش وەک دەسەڵاتی پەسەندکردن پەسەندی دەکەم”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی قەیرانی هەرێمی قەرەباغەوە ئاشکرایکرد، ”وەک تورکیا بە هەموو توانا و ئیرادەمانەوە بەردەوام دەبین لەسەر پشتیوانیکردنی خوشک و برایانمان لە ئازەربایجان کە خۆمان وەک ‘دوو دەوڵەت و یەک گەل’ دەبینین”.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، “رێگەی ئاشتیی هەمیشەیی لەم ناوچەیەدا، بە کشانەوەی ئەرمەنییەکاندا تێدەپەڕێت لە هەر خاکێکی ئازەربایجان کە داگیری کردووە و حکوومەتی ئەرمینیا هەموو شتێکی واز لێهێناوە، بەڵام ناتوانێت رزگاری ببێت لە هەوڵی پێداگریی بوختانکردن بۆ تورکیا”.
تورکیا یەکەمین وڵاتە کە بە ئاشکرا پشتگیری خۆی بۆ ئازەربایجان لە شەڕی هەرێمی قەرەباغدا دەربڕیووە و هەموو هاوکارییەکی لۆجستی و سەربازیی حکومەتی ئازەربایجان دەکات.