د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی شوبات لە بەغداد پێشوازیکرد لە شاندێک کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەبی لە وڵاتانی میسر و ئوردن و سودان و تونس.
لەو دیدارەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە دەبنەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەتایبەتی پەتای کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابورییەکانی و مەترسیی تیرۆر.
ھەر لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە گرنگیی هاریکاری و ھاوئاھەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیران و گرژییەکان، لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆی جدی لە پێناو زامنکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
د.بەرهەم ساڵح دووپاتیکردەوە لە پێویستیی هەنگاونان بەرەو ئاسۆی ھەماھەنگیی ئابوری و رۆشنبیری و گەشەپێدان، ھاوکات ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە و ھێنانەکایەوەی بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانیی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.