یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە لەم وەرزەدا چانسی گرتنەوەی لوتکەی خولی پلە یەکی ئیسپانیایان تاوەکو ڕادەیەک لەدەستداوە و لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی هەوڵ بۆ جێگیربوون دەدەن.
ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە لەبەر هۆکارێکی ناوەرزشی هەوڵی گرتنی پلەی دووەم دەدەن و ئامادەن لە کۆتاییەکانی وەرزدا کێبڕکێی ئێسکشکێنی لەسەر بکەن، تەنها بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەشداری جامی سوپەری ئیسپانیا بکەن.
بەپێی سەرچاوەکە، بەرشلۆنە چانسێکی باشتری هەیە و بردنەوەی لە ئیشبیلیە لە قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی شا، لە نازناوەکە و بەشداریکردن لە سوپەری ئیسپانیا نزیکی دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا سوودێکی گەورە بە ڕیاڵ مەدرید دەگەیەنێت، چونکە لەو حاڵەتەدا بەرشلۆنە وەک پاڵەوانی جام بۆ سوپەری ئیسپانیا سەردەکەوێت و ئەگەر ڕیاڵ مەدرید سێیەمیش بێت دەگاتە هەمان جام.
هەوڵەکانی ڕیاڵ و بارسا بۆ پلەی دووەم هۆکاری دارایی لە پشتە، بەوپێیەی هەر یانەیەکی بەشدار لە جامی سوپەری ئیسپانیا کە لەلایەن سعودیەوە سپۆنسەر دەکرێن بڕی شەش ملیۆن یورۆ بەدەستدەهێنێت، جگە لەوەی لە تێپەڕاندنی خولەکاندا بڕەکە بەرزتر دەبێتەوە.
بەم هۆیەوە هەردوو زەبەلاحەکەی ئیسپانیا پێیان وایە سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە دەرفەتێکە بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.