بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی: سەرجەم هێزەكانمان لە باری ئامادەباشیدان

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان لە 25ی ئەم مانگەوە سەرجەم هێزەكانمان لە باری ئامادەباشیدان.

عەمیدی دكتۆر ئارام محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وەك هێزە ئەمنییەكان و لیژنەی هاوبەشی پارێزگای سلێمانی لە سەرجەم بۆنەكاندا، لەخۆبوردوانە لە ئەرك و فەرماندان و ئەفسەر و كارمەندانیان لە هەوڵی ئاسایش و ئارامی و سەروماڵی هاوڵاتییاندان لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری.

وتیشی، “بۆ بۆنەكانی سەری ساڵیش لیژنەی ئەمنی بەشێوەیەكی تۆكمە و بە بەرنامەیەكی لەوەوپێش داڕێژراو لە ئەرك و فەرماندایە، لەو چوارچێوەیەدا لە رۆژی 25ی كانونی یەكەمەوە سەرجەم هێزەكانمان لە باری ئامادەباشیدان، جگەلە ئەمڕۆ 31ی كانونی یەكەم و سبەی 1ی كانونی دووەم”.

عەمید ئارام روونیشیكردەوە، مەفرەزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی بەربڵاو لە 25ی مانگەوە ئەرك و فەرمانەكانیان وەرگرتووە و جێبەجێی دەكەن، ئەركەكانیش بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی پۆلیسی هاتوچۆ ئەنجامدەدن.

دڵنیاییش بە هاوڵاتییان دەدات كە لە سلێمانی و دەوروبەری لە سەرجەم شوێنە گشتی و هەستیارەكان مەفرەزەكانی (پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و مەفرەزە یەدەگەكانیان لە بنكەكان و بەش و بارەگای بەڕێوەبەرایەتی) لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر رووداوێكی نەخوازراو.

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەستخۆشیشی لە سەرجەم ئەفسەر و كارمەندی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان كرد و دووپاتیكردەوە، هەمیشە لە كاتی پێویستدا ئامادەن و پارێزگاری لە سەر و سامانی هاوڵاتییان دەكەن.

لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بۆنەكانی تایبەت بە كۆتاییهاتنی ساڵ و هاتنی ساڵی نوێ لە شەقام و شوێنە گشتییەكان و رێستۆرانت و هۆڵەكانی سلێمانی و دەوروبەری بەڕێوەدەچێت و تا درەنگانی شەو دەخایەنێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هێزێكی ڕۆژهەڵات شەهیدبوونی دوو گەریلا و توركیاش “كوشتنی” بەرپرسێكی پەكەكە ڕادەگەیەنن

یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یه‌ره‌كه‌) شەهیدبوونی دوو گەریلای له‌ بۆردومانه‌كه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردووی گوندی گەڵاڵە ڕاگەیاند و توركیاش كوژرانی…
Total
0
Share